شەهرام عەلی کەژۆ: کوردستان24 بە دەنگ و وێنە پەیامی نیشتمان دەگەیەنێتە جیهان
ئەندام پەرلەمانێکی کوردستان بەبۆنەی یازدەهەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی کوردستان24 پیرۆزبایی لە ستافی کەناڵەکە کرد و ستایشی رۆڵی ئەم دامەزراوەیەی کرد لە زیندووڕاگرتنی پرسە نیشتمانییەکان و گەیاندنی دەنگی خەڵکی کوردستان بە جیهان.
شەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، شەهرام عەلی کەژۆ، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی یازدەیەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی کوردستان24 پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە، گەرمترین پیرۆزبایی و بەرزترین رێز و پێزانینم ئاراستەی ئێوە و هەموو کارمەندە دڵسۆزەکانتان دەکەم.
لەپەیاماکەیدا هاتووە، لەم یادەدا بەرزترین رێز و پێزانینم بۆ هەوڵ و ماندووبوونی ئێوە هەیە کە بە وشە، دەنگ و وێنە، پەیامی کوردستان دەگەیەننە جیهان. رۆڵ و بەشداریی ئێوە لە زیندووڕاگرتنی پرسە نیشتمانییەکان و رەنگدانەوەی دەنگ و خواستەکانی خەڵکی کوردستان بەرز دەنرخێنم.
شەهرام عەلی کەژۆ دەشڵێت: هیوادارم ساڵی نوێی تەمەنی کەناڵەکەتان قۆناخێکی پڕدەستکەوتتر بێت و وەکو هەمیشە بە راگەیاندنێکی پیشەیی، متمانەی بینەران قووڵتر بکەنەوە و دەنگی کوردستان دوورتر بگەیەنن.
11 ساڵ لەمەوبەر، دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن لە وێستگەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازدا دەستی بە کارەکانی کرد و هاتە نێو گۆڕەپانی رۆژنامەگەریی کوردییەوە. ئەو کاتەی گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە جەنگێکی سەختدا دژی داعش وەستابوونەوە، کوردستان24 چووە سەنگەری بەرگری و بووە قەڵغانی پاراستنی خاک، مرۆڤ و سامانی نیشتمانیی کوردستان.