پۆلیسی بەریتانیا دەیان خۆپیشاندەری لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەستگیر کرد

وێنەی خۆپیشاندانەکەی بەریتانیا
وێنەی خۆپیشاندانەکەی بەریتانیا

پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاند، 139 کەسیان لە خۆپیشاندانێکی بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لەندەن دەستگیر کردووە، کە وەک پشتیوانی بۆ رێکخراوی قەدەخەکراوی "فەڵەستین ئەکشن" رێکخرابوو.

سەدان خۆپیشاندەر لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە باشووری لەندەن گردبوونەوە، ئەوەش وەک دەربڕینی پشتیوانی بۆ "فەڵەستین ئەکشن" و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە جووڵەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

پۆلیس پێشتر هۆشداری دابوو، بەشداربووانی ئەو خۆپیشاندانە نایاساییە دەستگیر دەکەن. پۆلیسیش رایگەیاند، تا ئێستا 139 کەس دەستگیر کراون و ئەفسەرانی پۆلیس لە شوێنی رووداوەکە بەردەوامن لە دەستگیرکردنی بەشداربووان.

خۆپیشاندانەکەی لەندەن هاوکات بوو لەگەڵ گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی لە پشتیوانیی "فەڵەستین ئەکشن" لە دەرەوەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ئەدینبۆرگی پایتەختی سکۆتلاند. گردبوونەوەکە شەممە بەڕێوەچوو، بەڵام پۆلیس هیچ کەسێکی دەستگیر نەکرد.

گوتەبێژێکی پۆلیسی ئەدینبۆرگ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی ناسنامەی ئەو کەسانەی بەو جلوبەرگانەوە بینراون کە پشتیوانییان لە رێکخراوێکی قەدەخەکراو کردووە، یان دروشمی پشتیوانییان بۆ بزووتنەوەی "فەڵەستین ئەکشن" بەرزکردووەتەوە.

ئەم خۆپیشاندانانە لە کاتێکدایە بڕیارە چوارشەممەی داهاتوو دادگای باڵای لەندەن دانیشتنێک بۆ تاوتوێکردنی تانەی لایەنگرانی "فەڵەستین ئەکشن" بەڕێوە ببات. تانەکە پەیوەستە بەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ، کە لە حوزەیرانی 2025 رێکخراوەکەی خستە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییە قەدەخەکراوەکان.

رێکخراوی فەڵەستین ئەکشن لە ساڵی 2020 دامەزراوە، ئامانجی راگرتنی پشتیوانییە سەربازییەکانی بەریتانیایە بۆ ئیسرائیل، کە بە گوتەی ئەوان کۆمەڵکوژی دژی فەڵەستینییەکان دەکات؛ هەروەها ئیسرائیل ئەم قسانە رەت دەکاتەوە.

گرووپەکە رایدەگەیەنێت، ئامانجیان راگرتنی جینۆسایدە لە رێگەی تێکدانی کۆمپانیا هاوکارەکانی کەرتی پیشەسازیی سەربازیی ئیسرائیل.

لە ساڵی 2024، چالاکوانانی گرووپەکە هەڵیانکوتایە سەر کارگەیەکی سەر بە کۆمپانیای چەکسازیی ئیسرائیلی "ئێل بیت سیستمز یو کەی" و بە چەکوش و کەرەستەی دیکە ئامێرەکانیان تێکشکاند. لە حوزەیرانی 2025ـیشدا، چالاکوانان هەڵیانکوتایە سەر بنکەیەکی هێزی ئاسمانیی شاهانە، بۆیەی سووریان کردە ناو بزوێنەری دوو فڕۆکەی پێدانی سووتەمەنی و زیانی دیکەیان بە کەرەستەکان گەیاند.