ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو: پابەندین بە چارەسەری دیپلۆماسی بۆ ئێران

ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو پابەندیی خۆی بە چارەسەری دیپلۆماسی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گرژییەکانی پەیوەست بە ئێران دووپاتکردەوە و جەختی لە هەوڵەکانیان بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری و ئاسایشی هاوبەشی وڵاتانی ئەندام کردەوە.

ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو لە راگەیەندراوێکدا هۆشداریی دا لە بەردەوامیی هەڕەشەکان بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان.

 ئەنجوومەنەکە لە راگەیەندراوەەکەدا روونیکردەوە، ئەو هەڕەشانە راستەوخۆ دەبنە هۆی دروستبوونی لێکەوتەی مەترسیدار لەسەر ئاسایشی وزە و ئابووریی جیهان.

جاسم بدێوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو لەو بارەیەوە گوتی: "وڵاتانی ئەنجوومەن لە هیچ کاتێکدا بەشێک نەبوون لە جەنگ لە دژی ئێران و هەوڵیشیان بۆ نەداوە."

جاسم بدێوی روونیکردەوە، سەرەڕای ئەو ئاڵۆزی و پەرەسەندنە سەربازییانەی ناوچەکە بەخۆیەوە بینیویەتی، کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ تاران بە چالاکی ماونەتەوە.