لە هەولێر پێشانگەی شێوەکاری'ئاوڕی خەیاڵ' کرایەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بەهاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی شێوەکاری و کاری دەستی، پێشانگەی تایبەتیی شێوەکاری لەژێر ناونیشانی "ئاوڕی خەیاڵ"، بۆ کەژاڵ حوسێن پەناهی، لە گەلەری میدیای هەولێر کرایەوە.

دووشەممە، 2ی تشرینی دووەمی 2026، کەژاڵ حوسێن پەناهی، خانمە شێوەکاری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "لەو پێشانگە تایبەتەم دا، 21 لە بەرهەمە شێوەکارییەکانی خۆم لە هەولێر پیشان دا؛ پێشانگەیەک تێیدا رەنگ و هێڵ و شێوە، لە سنووری وێنەکێشان تێدەپەڕن و دەبنە ئامرازێک بۆ گواستنەوەی هەست، بیرکردنەوە و تێڕوانینی من بۆ جیهانی دەوروبەرم."

کەژاڵ پەناهی سەبارەت بە گرنگیی ناونیشانی پێشانگەکە گوتی، "ناونیشانی "ئاوری خەیاڵ"، خۆی ئاماژەیەکی مانادارە بۆ ئەو توانایەی خەیاڵ کە دەتوانێت لە سنووری راستییە رۆژانەکان تێبپەڕێت و جیهانێکی نوێ لە رەنگ و هەست دروست بکات. لە شێوەکارییەکانی ئەم پێشانگایەم دا، خەیاڵ تەنیا سەرچاوەیەک بۆ دروستکردنی وێنە نییە، بەڵکوو رێگایەکە بۆ دەربڕینی ئەو هەستانەی لە ناخی مرۆڤدا دەژین و هەندێک جار بە وشە و زمان بە ئاسانی ناگوترێن."

سەبارەت بە تایبەتمەندییە گرنگەکانی پێشانگەکە، کەژاڵ پەناهی دەڵێت، "یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی تابلۆکانم، گرنگیدانە بە مرۆڤ و دۆخی دەروونی و هەستی من. یەکێک لە وێنەکان  ژنێکە کە بە ئارامی لەسەر کورسییەک دانیشتووە، بینەر رووبەڕووی ساتێکی تایبەت دەبێتەوە؛ ساتێک لەوانەیە پڕ بێت لە بیرکردنەوە، خەیاڵ، بێدەنگی و گفتوگۆی ناوەکی. شێوەی دانیشتن، ئاراستەی سەر و رووخسار، هەروەها پێکهاتەی رەنگەکان، هەموویان بەشدارن لە دروستکردنی کەشێکی دەروونی کە بینەر هەوڵ دەدات لە پشت ئەو دیمەنە سادەیەوە مانایەکی قوڵتر بدۆزێتەوە."

ئەو خانمە شێوەکارە باسی لەوەش کرد، "لە رووی تەکنیکییەوە، بەکارهێنانی رەنگە گەرم و ساردەکان لە تابلۆکانم دا گرنگییەکی تایبەتی هەیە. رەنگی سوور و پەمەیی لەگەڵ شین و سەوزی کاڵ و سپی، پێکهاتەیەکی هاوسەنگ و لە هەمان کاتدا جیاواز دروست دەکەن. ئەم دژبەیەکییە رەنگاڵەییە تەنیا بۆ جوانکاریی دەرەکی نییە، بەڵکو یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی قووڵایی و جیاوازیی نێوان بەشەکانی تابلۆ و راکێشانی سەرنجی بینەر بۆ وردەکارییەکانی وێنەکە."

کەژاڵ پەناهی ئاماژەی بەوەش دا، "لە رێگەی ئەم پێشانگەیەوە دەرفەتێک دەڕەخسێنم بۆ ئەوەی بینەر لەگەڵ جیهانی هونەریی من ئاشنا ببێت و لە نزیکەوە ببینێت چۆن بیرۆکەیەکی ناوەکی دەتوانێت لەسەر رووی تابلۆدا شێوە بگرێت. ئەو جیهانەی لەگەڵ رەنگ و هێڵ دەست پێ دەکات، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێتە گفتوگۆیەک لە نێوان من و بینەردا."

کەژاڵ حوسێن پەناهی، خانمە شێوەکاری کورد، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەو لە رێگەی هونەری شێوەکارییەوە هەوڵ دەدات جیهانی ناوەکیی مرۆڤ، هەست و خەیاڵ و جوانییەکانی ژیان لە زمانی رەنگ و هێڵ و شێوەدا دەرببڕێت. ناوبراو بەشداری چەندین پێشانگەی هاوبەشی کردووە و چەندین پێشانگەی تایبەتی خۆی کردۆتەوە.

هەندێک وێنەی نێو پێشانگاکە: