زیاتر لە 50%ـی کارەکانی جووتسایدی هەولێر – کۆیە تەواو بوون

کارکردن لە جووتسایدی هەولێر-کۆیە
کارکردن لە جووتسایدی هەولێر-کۆیە

کارکردن لە پڕۆژەی ستراتیژیی رێگای جووتسایدی هەولێر – کۆیە بەردەوامە و تا ئێستا زیاتر لە 50%ـی کارەکانی تەواو بوون. ئامانجی ئەم پڕۆژەیە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی هاتوچۆ و کورتکردنەوەی کاتی گەشتکردنە لەنێوان هەردوو شارەکە.

کەیفی فارس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەی جووتسایدی هەولێر – کۆیە بە کوردستان24ـی راگەیاند، پڕۆژەکە 30 بۆ 40 کیلۆمەتر کارکردن لەخۆ دەگرێت. سەبارەت بە قۆناخی قیڕتاوکردن، فارس روونیکردەوە، چینی یەکەمی قیڕتاوکردن بە درێژیی 23 کیلۆمەتر لە هەردوو سایدەکە تەواو بووە و چینی دووەمیش لە یەک سایددا بە درێژیی نزیکەی 16 کیلۆمەتر کۆتایی هاتووە.

لەبارەی ژێرخانی پڕۆژەکە و پردەکان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەکە گوتی "پێنج بەرزەپرد و سێ ژێرپرد تەواو بوون". هاوکات کارکردن بە چڕی لە پردی شۆڕش بەردەوامە کە درێژییەکەی 250 مەتر و بەرزییەکەشی 42 مەترە.

بەگوتەی فارس، 160 ئاوبەڕی کۆنکرێتی لە پڕۆژەکەدا تەواو بوون و تیمەکان خەریکی دروستکردنی کۆنکرێتی دوورگەی ناوەندیی رێگاکە و جۆگەی تەنیشتەکانن. هەروەها لە حەوت کیلۆمەتری دیکەی رێگاکەدا، کاری دانانی چینی بەردی شکاو بۆ ئامادەکاریی قیڕتاوکردن دەستی پێکردووە.

درێژیی گشتیی رێگاکە 37 کیلۆمەترە و هەر سایدێکی سێ رێڕەو بە پانیی 12 مەتر دیزاین کراوە. تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە رێگای هەولێر – کۆیە لە رێگایەکی یەکسایدی پڕ مەترسییەوە دەگۆڕێت بۆ رێگایەکی خێرای جووتساید. بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، ماوەی گەشتکردن بۆ 27 خولەک کەم دەبێتەوە و مەترسیی رووداوەکانی هاتوچۆش بە رێژەیەکی بەرچاو روو لە کەمبوون دەکات.