بە داری هەمیشە سەوز و گوڵ سوور بازاڕی هەولێر جوان دەکرێت
بە ئامانجی زیادکردنی رێژەی سەوزایی، دەیان داری (فرش بطل - داری لیفکە) لە شەقامی بەردەم ئەسواق سیروان لە ناو بازاڕی هەولێر چێندرا . ئەو جۆرە دارە هەمیشە سەوزە و گوڵی سووری جوان دەگرێت، کە لە ئایندەدا کاریگەریی ئەرێنی لەسەر سیمای شارەکە دەبێت.
رەوان ئیسماعیل ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامانجمان زیادکردنی رێژەی سەوزاییە بەتایبەت لە سەنتەری هەولێر، بۆیە ئەم جۆرە دارەمان هەڵبژاردووە کە گوڵی سوور دەگرێت و سیمایەکی جوان بە پایتەخت دەبەخشێت.
سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی دارەکە، رەوان ئیسماعل گوتی "ئەم دارە بەرزییەکەی تەنیا 2.5 بۆ 3 مەتر بەرزدەبێت، بۆیە لەگەڵ هێڵەکانی کارەبادا کێشەی تێکەڵبوون دروست ناکات. هەروەها ئەم دارە لەگەڵ ژینگەی هەولێر دەگونجێت و بەرگەی 55 تا 60 پلەی گەرما و تا دوو پلەی ژێر سفر لە سەرمادا دەگرێت."
بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکان روونیکردەوە، دوێنێ نزیکەی 60 دار لە ناو بازاڕ چێندراوە و بە قۆناخ تەواوی شەقامە سەرەکییەکانی سەنتەری شار بەو دارانە دەرازێندرێنەوە.
سەبارەت بە چاودێری و ئاودانی دارەکان، ئاماژەی بەوەدا "بەهۆی جەنجاڵی ناو بازاڕ و ئەگەری زیان پێگەیاندن، بەرپرسیارێتیی پاراستن و ئاودانی دارەکانمان خستووەتە سەر شانی ئەو دوکاندارانەی دارەکان لە بەردەمیان چێندراوە. هاوکات تیمەکانی چاودێریی شارەوانیش لەو سنوورە بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون بۆ گەشەکردنی دارەکان."
رەوان ئیسماعیل جەختیکردەوە، پلان هەیە پرۆسەکە سەرجەم شەقامەکانی ناو بازاڕ بگرێتەوە و بەهۆی جەنجاڵییەوە بە قۆناخ جێبەجێ دەکرێت.
بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکان داوای لە هاووڵاتیان و دوکانداران کرد، رۆڵی کارا ببینن لە پاراستنی دارەکان و پاکوخاوێنیی ژینگەکەیان، تا بەمشێوەیە سیمای پایتەخت زیاتر سەوز بکرێت و گەشە بکات.



