ئەمڕۆ مووچەی مانگی 10 ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت

ئەمڕۆ پارەی مووچەی مانگی 10 دەنێردرێت ئەگەر کێشەی سیولە نەبێت و دوای وەرگرتنی پارەکە لیستی مووچە بڵاودەکرێتەوە و دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات. 

وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دەرکرد، ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی بڕە پارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، رایگەیاند، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، واژۆی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم (10)ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردووە و نووسراوی خەرجکردنی مووچەکە راستەوخۆ ئاراستەی بەشی ژمێریاری کراوە ئەمڕۆ پارەکە رەوانە دەکرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، پێشبینی دەکرێت بڕی پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگی 10 نزیکەی 840 ملیار دینار بێت. 

ئەگەر ئەمڕۆ پارەکە رەوانە بکرێت، ئەمڕۆ ئێوارە لیستی دابەشکردنی مووچە بڵاو دەکرێتەوە و لە سێ رۆژدا مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکان دابەش دەکرێت.

ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی رێککەوتنە داراییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دێت؛ بەگوێرەی رێکارە کارگێڕییەکان، دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی هەرێم مانگانە لیستی مووچە و تەرازوی پێداچوونەوە ڕادەستی بەغدا دەکات، وەزارەتی دارایی عێراق لە دوای وردبینیکردنی لیستەکان، بڕە پارەی پێویست (کە مانگانە لە نێوان 839 بۆ 840 ملیار دیناردایە) لە رێگەی لقی هەولێری بانکی ناوەندییەوە دەخاتە سەر هەژماری دارایی هەرێم تا دەست بە دابەشکردنی بکرێت.