شاخەوان عەبدوڵڵا: کێشەی کارەبا لە کەرکووک چارەسەر کرا
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، دوای کۆبوونەوەیەکی درێژ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، رەزامەندی لەسەر زیادکردنی بڕی 150 مێگاوات کارەبا و نزیکەی پێنج ملیۆن لیتر گاز بۆ موەلیدەکانی کەرکووک دراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 03ـی تشرینی دووەمی 2026، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، نوێنەری شاری کەرکووک و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەیەکی دوورودرێژ لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی گرفتی کارەبا لە کەرکووک، رەزامەندیی پێشان داوە بە زیادکردنی بڕی 150 مێگاوات کارەبا بۆ ئەو شارە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی روونیکردەوە، بەو بڕیارە پشکی کارەبای کەرکووک دەگاتە نزیکەی 800 مێگاوات. هاوکات رەزامەندی دراوە لەسەر زیادکردنی نزیکەی پێنج ملیۆن لیتر گاز بۆ موەلیدەکانی شارەکە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا د. شاخەوان عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد، کۆمەڵێک رێکاری کارگێڕی دەگیرێتەبەر بۆ باشتر بەڕێوەبردنی ئەو دۆسیەیە. هەروەها دڵنیایی دا بەوپەڕی دڵسۆزییەوە نوێنەرایەتیی خەڵکی شکۆمەندی شارەکەیان کردووە لە داواکردنی مافەکانیان.
کێشەی کەمیی کارەبا لە پارێزگای کەرکووک یەکێکە لە گرفتە بەردەوامەکان، بەتایبەتی لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی و بەرزبوونەوەی نرخی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان بۆ 18 هەزار دینار، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە چەند گەڕەکێکی شارەکە سەریهەڵدا.