بەبڕیاری سەرۆکوەزیران نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک نۆژەن دەکرێتەوە

بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک دەستی پێکردووە. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و دابینکردنی ئامێری پزیشکیی سەردەمیانەیە، بۆ ئەوەی نەخۆشخانەکە بەردەوام بێت لە خزمەتکردنی هاووڵاتیان.

نۆژەنکردنەوەکە بە قۆناخ جێبەجێ دەکرێت و گۆڕینی سەرجەم کەرەستە تەندروستییە کۆنەکان و دابینکردنی ئامێری پێشکەوتوو لەخۆ دەگرێت. هاووڵاتیان پێشوازی لەم بڕیارە دەکەن، چونکە پێیان وایە بارگرانیی دارایی لەسەر شانیان کەم دەکاتەوە.

حیکمەت باجلوری، هاووڵاتیی بە کوردستان24ـی راگەیاند، نەخۆشخانەیەکی وەک ئازادی کە مێژوویەکی دێرینی هەیە، پێویستی بە نوێکردنەوە و دابینکردنی ئامێری هاوچەرخ هەبوو، چونکە بەشێکی زۆری هاووڵاتیان بەهۆی دۆخی داراییەوە توانای سەردانیکردنی نەخۆشخانە تایبەتەکانیان نییە.

کەوسەر حەمید، پەرستاری نەخۆشخانەکەیە دەڵێت: ئەم پرۆسەیە ئاستی خزمەتگوزارییەکان بەرز دەکاتەوە و بارودۆخی نەخۆشەکان باشتر دەکات، هەروەها وادەکات هاووڵاتیان زیاتر پشت بەم نەخۆشخانەیە ببەستن و کەمتر روو لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بکەن.

ئامارەکانی نەخۆشخانەکە دەریدەخەن کە رۆژانە نزیکەی 2,500 نەخۆش سەردانی دەکەن. لە کۆی 650 قەرەوێڵە، رۆژانە 70%ـی پڕ دەبن و مانگانە زیاتر لە 65 بۆ 70 هەزار کەس لەم نەخۆشخانەیە چارەسەر وەردەگرن.

د. سەکڤان سلێمان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی رایگەیاند، قۆناخەکانی نۆژەنکردنەوە دەستیان پێکردووە و ئێستا پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان لە ئارادایە. چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا ئامێری تیشکی موگناتیسی (MRI) و تیشکی تەنۆکەیی (CT Scan) بۆ نەخۆشخانەکە دابین بکرێن.

نەخۆشخانەی ئازادی کە لە ساڵی 1986 دامەزراوە، خزمەت بە نزیکەی 2 ملیۆن کەس لە سەرانسەری پارێزگای دهۆک دەگەیەنێت. ئەم نەخۆشخانەیە لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا بەردەوام بەشی هەرە زۆری باری تەندروستیی پارێزگاکەی لە ئەستۆ بووە و بەم نۆژەنکردنەوەیەش بە شێوازێکی سەردەمیانەتر خزمەتگوزارییەکان پێشکەش دەکات.