شڤان سەعید: وەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ بەشداری لە دانیشتنی پەرلەمان دەکەم

پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ رایگەیاند، پێویستە سەرجەم لایەنەکان لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و خزمەتکردنی هاووڵاتییان، پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە و کۆتایی بە پەکخستنی دوو ساڵەی ئەو دامەزراوەیە بهێنن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2026،لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا شڤان سەعید، پەرلەمانتاری سەربەخۆ، لە لێدوانێکدا دووپاتیکردەوە، ئامادەبوونی پەرلەمانتاران ئەرکێکی سەرەکییە لە پێناو خەڵکدا و گوتی: "پێویستە پەرلەمانتاران بەشداری بکەن و ئەمڕۆ پەرلەمان کارا بکەنەوە تا بتوانرێت خزمەتی هاووڵاتییان بکرێت".

سەعید جەختیکردەوە، ماوەی دوو ساڵە پەرلەمان پەکخراوە و پێویستە لەو چەقبەستووییە دەرباز بین، چونکە خەڵکی هەرێمی کوردستان قوربانیی زۆریان داوە و بەشێکی زۆری خێزانەکان شەهیدیان بەخشیوە و دووچاری چەندین قەیران و کارەسات هاتوون.

ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ هەردوو حزبی دەسەڵاتداری بە هۆکاری سەرەکیی قەیرانەکان و ئیفلیجبوونی پەرلەمان زانی و گوتی: "کێشەی پێنەدانی مووچە، گرانیی بازاڕ و کێشەی کارەبا، هەمووی لە ئەستۆی هەردوو دەسەڵاتدایە".

سەعید روونیکردەوە، ئەگەر هەردوو پارتەکە لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆندا رێکیان بکردایە، ئێستا پەرلەمان تووشی ئەو چەقبەستووییە نەدەبوو.