شەپۆلەکەی بارانبارین سەرچاوەی ئاوی سەرچناری بووژاندووەتەوە

بەهۆی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارینەوە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی پشوو لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن راگەیەندرا. لە هەمان کاتدا بارانە زۆرەکە بووەتە هۆی بووژانەوەی سەرچاوەی ئاوی سەرچنار و تیمەکانیش سەرقاڵی پاککردنەوەی پڕۆژەکانی ئاون بۆ دابینکردنی ئاوی پاک بۆ ماڵان.

ئەمڕۆ یەكشەممە، 08ـی تشرینی دووەمی 2026، هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، بە ئامانجی پاراستنی سەلامەتیی قوتابییان لە مەترسییەکانی لافاو، ئەمڕۆ لە سەرجەم باخچەکانی ساوایان و قوتابخانە حکوومی و ناحکوومییەکان لەو سنوورە پشووی فەرمییە.

سەبارەت بە رەوشی کەشوهەوای شارەکە، پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە دا، ئێستا کەشوهەوای سلێمانی تا رادەیەک جێگیرە و باران نابارێت، بەڵام بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی چاوەڕوان دەکرێت دوای نیوەڕۆ شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین ناوەڕاستی پارێزگاکە بگرێتەوە. پێشبینی دەکرێت بارانەکە پچڕپچڕ و مامناوەند بێت، بەڵام هۆشداری دراوە لە ئەگەری گۆڕانکاری و چڕبوونەوەی شەپۆلەکە لە هەر کاتێکدا.

پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، شەپۆلە بەهێزەکەی بارانبارین کاریگەرییەکی ئەرێنیی هەبووە و سەرچاوەی ئاوی سەرچناری بووژاندووەتەوەکە ئاوی خواردنەوە بۆ 35 تا 40%ـی دانیشتووانی شارەکە دابین دەکات.  

پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەش دا، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی سەرقاڵی پاککردنەوەی سەرچاوەکانی ئاون لە قوڕ و لیتە بۆ رێگریکردن لە پیسبوونی ئاوەکە و گەیاندنی ئاوی پاک بە ماڵان بەبێ دروستبوونی هیچ گرفتێک.

سەرچاوەی ئاوی سەرچنار یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ بەشێکی زۆری دانیشتووانی شاری سلێمانی. ئەم سەرچاوەیە بۆ بووژانەوەی بە تەواوی پشت بە بارانبارین و توانەوەی بەفری وەرزی زستان دەبەستێت. لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی وشکەساڵی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە، ئاستی ئاوی سەرچنار بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیبوو، تەنانەت لە وەرزی هاویندا مەترسیی وشکبوونی تەواوەتی لەسەر بوو. هەر بۆیە شەپۆلە بەهێزەکانی بارانبارین رۆڵێکی گەورەیان لە بووژانەوەی ئەو سەرچاوەیە و پڕکردنەوەی ئاوی ژێر زەویدا هەیە. 

لە ئێوارەی رۆژی شەممەوە، 07ـی تشرینی دووەم، شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان گرتووەتەوە و بەهۆیەوە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی، لە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن کراوەتە پشووی فەرمی.