رائید فەهمی: سەردانی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا بایەخێکی تایبەتی هەیە

سكرتیری لێژنەی ناوەندیی حزبی شیوعیی عێراقی رایگەیاند؛ سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لەم كاتە هەستیارەدا بایەخێکی تایبەتی هەیە، جەختیشی کردەوە کە ئاڵنگارییە ئابووری و ئەمنییەکان پێویستی بە هەماهەنگیی هاوبەش هەیە.

رائید فەهمی، سکرتیری لێژنەی ناوەندیی حزبی شیوعیی عێراقی، لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پایتەخت لەم قۆناخە هەستیارەدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە، بەهۆی ئەو ئاڵنگارییە ئەمنی و ئابوورییە وردانەی کە رووبەڕووی وڵات دەبنەوە، لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەکانیش.

فەهمی روونکردەوە، بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە، بەتایبەت ململانێی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران و ئەگەرەکانی پەرەسەندنی، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووریی عێراق هەبووە، ئاماژەی بەوەش کرد، دابەزینی داهاتی وڵات ئاڵنگاری گەورە لەبەردەم ئامادەکردن و دابینکردنی بودجەی گشتیدا دروست دەکات.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە، پێویستە ئەم بارگرانییە ئابوورییانەی لە قەیرانەکە کەوتوونەتەوە، بە دادپەروەری و بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش لە ئاستی نیشتیمانیدا دابەش بکرێن، چ لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمدا بێت یان لەسەر ئاستی سووککردنی باری سەر شانی هاووڵاتییان.

لە تەوەری ئەمنیدا، فەهمی باسی لە پەلامار و هێرشە بەردەوامەکانی درۆنەکان کرد کە لەم دواییانەدا هەرێمی کوردستانیان کردە ئامانج و گوتی، ئەم هێرشانە نابێت تەنیا وەکو قەیرانێکی تایبەت بە هەرێم سەیر بکرێن، بەڵکو ئاڵنگارییەکی ئەمنی و سەروەرییە و  هەموو عیراق دەگرێتەوە.

داواشی لە هەردوو حکوومەتی فیدراڵی و هەرێم کرد بەرپرسیارێتییە هاوبەشەکانیان هەڵبگرن بۆ کۆتاییهێنانێکی یەکجاری بەم پێشێلکارییانە و گرتنەبەری رێکاری توند و گونجاو بەرامبەر ئەو کەسانەی ئەنجامی دەدەن.

سەبارەت بە پرسی بودجە و نزیکبوونەوەی تێپەڕاندنی بۆ پەرلەمان، فەهمی ئاماژەی بەوە دا کە ناکۆکییە دووبارەبووەکانی سەر پشکی هەرێم قەیرانێکی گواستراوەیە لە خولێکەوە بۆ خولێکی دیکە و لە حکوومەتێکەوە بۆ حکوومەتێکی دیکە، جەختیشی کردەوە کە "کاتی ئەوە هاتبوو کۆتایی بە دوودڵی و راوبۆچوونی سیاسی بهێنرێت و پشت بە پێوەرە هونەرییە روون و بابەتییەکان ببەسترێت، کە لە پێش هەموویانەوە کێشی دیمۆگرافیی هەرێمە"، داواشی کرد پشت بە داتا و ئەنجامەکانی دوایین سەرژمێریی دانیشتوان ببەسترێت بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم پشکە بە شێوەیەکی کۆتایی.

فەهمی ئاماژەی بەوەشدا کە رەنگە سەردانێک نەتوانێت هەموو فایلە میراتگرتوو و کەڵەکەبووەکانی چەندین ساڵ راستەوخۆ چارەسەر بکات، بەڵام بوونی خواست و ئاراستەی ئەرێنی لەلای سەرۆکوەزیران و حکوومەتی فیدراڵییەوە هەبووە، کە دەبێت خواستێکی هاوشێوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمیشەوە بەرامبەری هەبێت بۆ داڕشتنی "نەخشەڕێگەیەکی کرداری" بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەیرانەکان و دەستپێکردنی چارەسەرکردنیان، جەختیشی لەسەر ئەو بنەمایە کردەوە کە "هەر قەیرانێک حکوومەتی فیدراڵی رووبەڕووی ببێتەوە رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر هەرێم دەبێت، و بەپێچەوانەشەوە، کە ئەمەش ناچاری دەکات هاوئاهەنگی و تێکەڵکردنی هەوڵەکان هەبێت بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ کوردستان24، رائید فەهمی جەختی لەوە کردەوە کە سەختیی گوزەران ئەمڕۆ لە سەرانسەری عێراقدا گوشار دەخاتە سەر هاووڵاتییان، چ لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور و چ لە پارێزگاکانی هەرێم، لە سایەی پاشەکشەی داهاتدا، هۆشداریشی دا لەوەی کە ئەگەر بودجەی داهاتوو شێوازی پاشەکەوتی هەبێت ئەوا ئەم ئازارە مرۆیی و گوزەرانە قورستر دەکات، داواشی کرد سووککردنی قورسایی قەیرانەکان لەسەر گوزەرانی هاووڵاتییان لە پێشینەی کارەکانی تێڕوانینە سیاسییەکان و گفتوگۆ بەردەوامەکاندا بێت.