حکوومەتی هەرێمی کوردستان: هیچ بڕە پارەیەک لە بودجەی سەروەری عێراق بۆ هەرێم نەنێردراوە

لە نوێترین راپۆرتی شیکاری و ئاماریدا، کە لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی بڵاو کراوەتەوە، داتاکانی تایبەت بە پشکی هەرێم لە یاساکانی بودجەی فیدراڵی بۆ ماوەی 12 ساڵی رابردوو (2014-2025) خراونەتە ڕوو. راپۆرتەکە بە بەڵگەی ژمارەیی دەیسەلمێنێت، کە قەیرانی داراییی هەرێم ئەنجامی میکانیزمێکی سیستماتیک بووە بۆ کەمکردنەوەی شایستە دارایییەکانی خەڵکی کوردستان، لە رێگەی لێبڕینی نادادپەروەرانەی خەرجییە سیادییەکان و پابەندنەبوون بە یاساکانی بودجە.

بەگوێرەی داتاکانی بودجەی گشتیی عێراقی فیدڕاڵ، هەرێمی کوردستان بە بڕی زیاتر لە 65 تریلیۆن دینار بەشدار بووە لە خەرجییە سەروەرییەکان، لە کاتێکدا تەنیا 41 تریلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە و هیچ بڕەپارەیەکیش لە خەرجیی سەروەری بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە.

بەپێی داتا فەرمییەکان، کۆی گشتیی بودجەی عێراق لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا گەیشتووەتە یەک کوادریلیۆن و 767 تریلیۆن دینار. لەم بڕەدا، کۆی پشکی هەرێمی کوردستان پێش لێبڕینی خەرجییە سیادییەکان، زیاتر لە 245 تریلیۆن دینار بووە و دوای لێبڕینی خەرجییە سیادییەکانیش، شایستەی سافییی یاساییی هەرێم لەسەر کاغەز 146 تریلیۆن دینار بووە. بەڵام لە رووی کردارییەوە، حکوومەتی فیدراڵی لە تەواوی ئەو 12 ساڵەدا، تەنیا 41 تریلیۆن دیناری وەک دابینکردنی دارایی بۆ هەرێم ناردووە. ئەمەش واتە هەرێمی کوردستان لە واقیعدا، تەنیا ڕێژەی %2.04ی کۆی گشتیی بودجەی عێراقی پێ دراوە، لە کاتێکدا پشکی فەرمیی هەرێم لە ساڵانی 2014 تا 2017 رێژەی %17 بووە و لە ساڵی 2018 بەدواوە بەبێ بنەمای یاسایی بۆ %12.67 کەم کراوەتەوە

هەروەها لە کۆی 144 مانگ پارەی نێردراو لە بەغداوە، تەنیا بەشی دابینکردنی 46 مووچەی کردووە و مووچەی 8 ساڵی مووچەخۆرانی هەرێم نەنێردراوە.

کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر مووچەخۆران (46 مووچە لە 144 مانگدا)
شیکارییە ئابوورییەکان نیشانی دەدەن، کە لە ساڵی 2015 بەدواوە، حکوومەتی فیدراڵی، بەبێ رەزامەندیی حکوومەتی هەرێم، پشکی کوردستانی بەستووەتەوە بە مەرجی "خەرجیی فیعلی" و تەنیا لە چوارچێوەی مووچەدا مامەڵەی لەگەڵدا کردووە. لە کۆی 144 مانگی ماوەی نێوان 2014 بۆ 2025، ئەو 41 تریلیۆن دینارەی نێردراوە، تەنیا بەشی دابینکردنی مووچەی 46 مانگی کردووە (نزیکەی 4 ساڵ)، لە کاتێکدا مووچەی 8 ساڵ نەنێردراوە، کە ئەمەش وای کرد حکوومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی بژێویی هاووڵاتییان پەنا بۆ هەناردەکردنی راستەوخۆی نەوت ببات.

ناردنی بودجە و پشکی هەرێم بەپێی ساڵەکان (2014-2025)
• ساڵی 2014: لە کۆی 174.6 تریلیۆن دیناری بودجەی عێراق، پشکی سافیی هەرێم 20 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام تەنیا 2.28 تریلیۆن دینار نێردراوە (%1.3ی بودجە) بۆ مووچەی 3 مانگ.
• ساڵی 2015: لە کۆی 119.5 تریلیۆن دینار، پشکی سافیی هەرێم 14.8 تریلیۆن بووە، بەڵام تەنیا 2.47 تریلیۆن دینار نێردراوە (%2.07ی بودجە) بۆ مووچەی 3 مانگ.
• ساڵانی 2016 و 2017: لە ساڵی 2016دا پشکی سافیی هەرێم 13.1 تریلیۆن و لە 2017دا 11.6 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە هەردوو ساڵەکەدا بەغدا هیچ بڕە پارەیەکی نەناردووە (%0.00).
• ساڵی 2018: پشکی هەرێم بۆ %12.67 کەم کرایەوە. لە کۆی 104.1 تریلیۆن دینار، پشکی سافیی هەرێم 6.8 تریلیۆن بوو، بەڵام تەنیا 2.85 تریلیۆن دینار نێردرا (%2.74ی بودجە) بۆ مووچەی 3 مانگ.
• ساڵی 2019: لە کۆی 133.1 تریلیۆن دینار، پشکی سافیی هەرێم 9.9 تریلیۆن بوو، لەو بڕە 5.31 تریلیۆن دینار نێردرا (%3.99ی بودجە) بۆ مووچەی 6 مانگ.
• ساڵی 2020: بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، لە کۆی 148 تریلیۆن دیناری خەرجکراو (پشکی هەرێم 18.7 تریلیۆن بوو)، تەنیا 2.18 تریلیۆن دینار نێردرا (%1.48ی بودجە) بۆ مووچەی 3 مانگ.
• ساڵی 2021: لە کۆی 129.9 تریلیۆن دینار، پشکی سافیی هەرێم 11.4 تریلیۆن بوو، بەڵام تەنیا 1.2 تریلیۆن دینار نێردرا (%0.92ی بودجە) بۆ مووچەی 1 مانگ.
• ساڵی 2022: لە کۆی 122 تریلیۆن دیناری خەرجکراو (پشکی هەرێم 15.4 تریلیۆن بوو)، تەنیا 400 ملیار دینار نێردرا (%0.33ی بودجە) بۆ مووچەی 1 مانگ.
• ساڵی 2023: لە کۆی 198.9 تریلیۆن دینار، پشکی سافیی هەرێم 16.5 تریلیۆن بوو، بەڵام 4.69 تریلیۆن دینار نێردرا (%2.36ی بودجە) بۆ مووچەی 5 مانگ.
• ساڵی 2024: لە کۆی 211.8 تریلیۆن دینار، پشکی سافیی هەرێم 20.9 تریلیۆن بوو، لەو بڕە 10 تریلیۆن دینار نێردرا (%4.73ی بودجە) بۆ مووچەی 11 مانگ.
• ساڵی 2025: لە کۆی 211.8 تریلیۆن دینار، پشکی سافیی هەرێم 20.9 تریلیۆن بوو، کە لێیەوە 9.59 تریلیۆن دینار نێردراوە (%4.53ی بودجە) بۆ مووچەی 10 مانگ.

هاوکێشەی خەرجییە سیادییەکان؛ داوێکی ژمێریاری دژی پشکی هەرێم
لە ساڵی 2015 بەدواوە، ژمارەی بڕگەکانی خەرجیی سیادی لە 10 بڕگەوە زیاد کران بۆ 100 بڕگە. لە ماوەی 12 ساڵدا، زیاتر لە 65 تریلیۆن دینار لە پشکی هەرێم وەک خەرجیی سیادی بڕدراوە (کە پترە لە تەواوی ئەو 41 تریلیۆنەی نێردراوە)، بەبێ ئەوەی هەرێم و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە هیچ سوودێکیان لەو خەرجییە سیادییانە و قەرزەکانی عێراق پێ بگات.
بۆنموونە لە بودجەی سێ ساڵەدا (2023-2025)، خەرجییە سیادییەکان 142.3 تریلیۆن دینارە (%23ی کۆی بودجە)
• شێوازی حکوومەتی فیدراڵی: بەغدا %12.67 لە کۆی گشتیی خەرجییە سیادییەکان دەبڕێت، کە دەکاتە 18.1 تریلیۆ دینار.
• شێوازی دادپەروەرانە: پێویستە بەشداریی هەرێم لەسەر بنەمای پشکی گشتیی خۆی بێت پێش لێبڕین (78.8 تریلیۆن) جارانی %12.67، کە دەکاتە 9.9 تریلیۆن دینار.
• ئەنجامی جیاوازییەکە: بەغدا نزیکەی دووهێندە لە پشکی هەرێم دەبڕێت، کە زیانەکەی دەگاتە 8.2 تریلیۆن دینار لەو سێ ساڵەدا (2.7 تریلیۆن دینار لە هەر ساڵێکدا).

پێشێلکاریی دیمۆگرافی و پشتگوێخستنی سەرژمێریی 2024
بەپێی ئەنجامی سەرژمێریی گشتیی ساڵی 2024ی وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی، رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان %14.14ی عێراق پێک دەهێنێت. سەرەڕای ئەمە، حکوومەتی فیدراڵی لە رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027یشدا چاوپۆشیی لە ئەنجامی سەرژمێرییەکە کردووە و پشکی هەرێمی بۆ %12.70 کەم کردووەتەوە. ئەم داتایانە دەستنیشانی دەکەن، کە کێشەی داراییی هەرێم کێشەی پابەندبوون نەبووە، بەڵکوو پڕۆسەیەکی دارایی بووە بۆ کەمکردنەوەی شایستە دارایییەکانی خەڵکی کوردستان بۆ کەمترین ئاست.