هاوپەیمانیی سیادە: سەردانەکەی مەسرور بارزانی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا پتەوتر دەکات
هاوپەیمانیی سیادە پشتیوانیی خۆی بۆ سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا دەردەبڕێت و ئومێد دەکات ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەکانی مووچە، نەوت و دەروازە سنوورییەکان.
ئەمڕۆ دووشەممە، 09ـی تشرینی دووەمی 2026، سەڵاح کوبەیسی، ئەندامی هاوپەیمانیی "سیادە" لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، وێڕای پێشوازیکردن لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا، رایگەیاند، پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەوامی نێوان هەولێر و بەغدا پێویستییەکی نیشتمانییە بۆ چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی چەندین ساڵی رابردوو.
ئەو ئەندامەی هاوپەیمانیی "سیادە" جەختی کردەوە، هەرێمی کوردستان بەشێکی لێکدانەبڕاوی عێراقە و هەڵوێستی ئەوان پشتیوانییە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان. هەروەها روونیکردەوە، هەر هێرشێک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هێرش بۆ سەر تەواوی عێراقییەکان دادەنرێت.
ئاماژەی بەوەش دا، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی هەر هاووڵاتییەکی عێراقی خاوەنی تەواوی مافە دەستوورییەکانن. هاوکات هیوای خواست ئەم سەردانە ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە کێشە ئاڵۆزەکان، بەتایبەتی دۆسیەی مووچەی فەرمانبەران، نەوت و گاز، دەروازە سنوورییەکان و ناوچە هاوبەشەکان.
سەڵاح کوبەیسی تیشکی خستە سەر قووڵیی پەیوەندییە گرنگەکانی نێوان هاوپەیمانیی سیادە و هەرێمی کوردستان بەگشتی و پارتی دیموکراتی کوردستان بەتایبەتی، ئومێدیشی خواست ئەم هەماهەنگییە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر بەدیهێنانی سەقامگیری و کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان لە سەرانسەری عێراقدا هەبێت.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 09ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو و بڕیارە لەگەڵ سەرکردەی حزب، هاوپەیمانێتی و کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق کۆببێتەوە.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ عەلی زەیدی و سەرکردەکانی عێراق تاوتوێی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات.
پێشەوا هەورامانی گوتیشی: لە کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ حکوومەت و سەرکردە سیاسییەکانی عێراق سەرنج لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی دەستوور و یاسا و رێککەوتنەکان دەبێت، بەشێوەیەک چارەسەری گونجاو بۆ سەرجەم کێشەکان بدۆزرێتەوە.
ئەمە دووەم سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییە بۆ بەغدا لەمساڵدا، سەردانەیەکی پێشووی لە ئایاری رابردوودا بوو، بۆ پتەوکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان و تاووتوێکردنی دۆسیە هاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق بوو.