حەیدەر لامی: سەردانی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا نیشانەی گەیشتنە بە خاڵی لێکتێگەیشتن
سەرکردەیەک لە هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند؛ سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بایەخێکی گەورەی هەیە و نیشانەی گەیشتنە بە خاڵەکانی لێکتێگەیشتنی پێشکەوتوو بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
شێخ حەیدەر لامی، سەرکردە لە هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا، لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند، پایتەخت ئەمڕۆ پێشوازی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەکات وەک کەسایەتییەکی سیاسیی باڵا لە عێراق و ناوچەکەدا کە خاوەنی دەسەڵات و دیدگای پێویستە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیە و کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ بەغدا.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئامادەبوونی مەسرور بارزانی و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردە دیارەکانی سیاسەت لە بەغدا، نیشانەی ئەوەیە کە گەیشتوونەتە خاڵی لێکتێگەیشتنی پێشکەوتوو، بەتایبەت لەم قۆناخە هەستیارەی کە ناوچەکە پڕە لە ئاڵنگاری و کێشەی هەمەجۆر چ لە ئاستی ناوچەیی و چ نێودەوڵەتیدا.
شێخ حەیدەر لامی روونیکردەوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک پردێکی کارا و سەرەکیی پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر ناسراوە، چونکە خاوەنی تێڕوانینێکی فراوانە لە بیری سیاسیدا و دەسەڵاتی باڵای هەیە کە شیاوی بڕیاری یەکلاکەرەوە و گەیشتنە بە خاڵی هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵدا.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکوومیی باڵا گەیشتە بەغدا و بڕیارە زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەنجام بدات، کە توێژینەوەکان چڕ دەبنەوە لەسەر پرسی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027 و دابینکردنی ماف و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێم.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ "کوردستان24" رایگەیاند، مەسرور بارزانی چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسان ئەنجام دەدات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی بە پشتبەستن بە دەستوور، یاساکان و رێککەوتنە سیاسییەکان.
شایەنی باسە، ئەم سەردانە دووەمین سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەغدا لەم ساڵدا، دوای سەردانی پێشووی لە مانگی ئایاردا کە ئامانج لێی بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان و دۆسیە هاوبەشەکان بوو.