وەزارەتی ناوخۆ رێبەری هاتوچۆی لە پێشانگای نێودەوڵەتی "ئینتەرترافیک"ـی هۆڵەندا نمایش کرد
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوبەشی لەگەڵ ناوەندی تۆتا لە کاروباری هاتوچۆدا، بەشدارییان لە پێشانگای نێودەوڵەتیی "ئینتەرترافیک" لە ئەمستەردام کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆ، ئامانج لە بەشداریکردن لەو پێشانگایە، ناساندنی سیستەمی خاڵبەندی بوو بۆ شۆفێران و ئەفسەرانی هاتوچۆ، هاوکات خستنەڕووی بەرنامەیەکی راهێنانی شۆفێران بەپێی پێوەرە پێشکەوتوو و نێودەوڵەتییەکان.
پێشانگای ئینتەرترافیک دوو ساڵ جارێک لە ئەمستەردام بەڕێوەدەچێت و شارەزایانی بواری زانستی هاتوچۆ و تەکنەلۆژیای گواستنەوە لە زیاتر لە 140 وڵاتەوە کۆدەکاتەوە.
رێکخەرانی پێشانگەکە رایانگەیاند، خولی ساڵی 2026، کە لە 10 تا 13ـی ئازار بەڕێوەچوو، زیاتر لە 900 پێشانگە، سەرووی 30 هەزار سەردانیکەر و زیاتر لە 300 دانیشتنی زانیاریی بەخۆیەوە بینی.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پێشانگەکە پسپۆڕانی هاتوچۆ و گواستنەوە لە سەرانسەری جیهان کۆدەکاتەوە و سیستەم و چارەسەری هاتوچۆ بۆ پاراستنی بەکارهێنەرانی رێگەوبان دەخاتە روو، بە جۆرێک بیرۆکەکان دەبنە بنەمای چارەسەر بۆ ژێرخان و بەڕێوەبردنی هاتوچۆ.
وەزارەتی ناوخۆ روونیکردەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆ و ناوەندی تۆتا بەشدارییان لە بۆنەیەکی بەڕێوەبردنی ئۆتۆمبێلەکان لە پاریس بە ناوی "فلوت ئۆتۆ" کرد، کە تایبەت بوو بە باشترکردنی سەلامەتیی رێگەوبان و خزمەتگوزارییەکانی ئۆتۆمبێل، هاوکات سەدان پێشانگە و براندی ئۆتۆمبێلی کۆکردبووەوە.
بەگوێرەی گوتەی رێکخەران، بۆنەی فلوت ئۆتۆی پاریس لە 12ـی ئازار لە "پاریس لو بۆرژێ" بەڕێوەچوو.
لە پاریس، شاندەکە لەگەڵ سەرۆکی تۆڕی نیشتمانیی فەرەنسی (ئەی سی ئێف) کۆبووەوە، کە لە راگەیەندراوەکەدا وەک گەورەترین و کۆنترین دامەزراوەی پەروەردە و راهێنانی سەلامەتیی رێگەکان لە فەرەنسا ناسێنراوە، ئەمەش بە مەبەستی هەماهەنگی لە کارکردن لەگەڵ ناوەندی تۆتا.
هەر بەگوێرەی دەقی راگەیەندراوەکە، سەرۆکی تۆڕی نیشتمانیی فەرەنسی (ئەی سی ئێف) دەستخۆشی لەو هەنگاوانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی گیانلەدەستدان و برینداربوون لە رووداوەکانی هاتوچۆدا.
وەزارەتی ناوخۆ ئەوەشی خستەڕوو، ئەو چالاکییانە پردی پەیوەندییان لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەورووپا، ناوەندەکانی توێژینەوە و زانکۆکاندا دروستکردووە و لەگەڵ دیدی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەرچەرخانی دیجیتاڵی و گەشەپێدانی بەردەوامدا دەگونجێن.
ساڵی رابردوو، هێمن میرانی، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: گیانلەدەستدان و برینداربوون لە رووداوەکانی هاتوچۆدا لە ماوەی پێنج ساڵدا بە رێژەی 7%ـی کەمیکردووە، ئەوەشی بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ دانانی کامێراکانی چاودێریی خێرایی لەنێوان خاڵەکاندا گەڕاندەوە.
لەلایەکی دیکەوە، هەرێمی کوردستان لە مانگی ئەیلوولەوە دەستی بە پرۆسەی تۆمارکردنی ئەلیکترۆنیی ئۆتۆمبێل و نوێکردنەوەی ساڵانە کردووە.