وەزارەتی نەوتی عێراق رێکارەکانی ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان تەواوکردووە
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، رێکارەکانی ناردنی نەوتی سپیی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان تەواوکراون، ئاماژەی بەوەش داوە، لە چەند رۆژی داهاتوودا نەوتی سپیی ماڵان دەگاتە هەرێمی کوردستان .
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، رێکارەکانی ناردنی نەوتی سپیی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان تەواوکران و بەمزووانە نەوتی سپی رەوانە دەکرێت.
روکابی گوتیشی، دوای تەواوکردنی رێکارەکان، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان ئاگادارکردەوە بۆ ئەوەی ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە رێکارەکان تەواو بکەن و پرۆسەی گواستنەوە و ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دەست پێ بکات.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، پێشبینی دەکەن لە چەند رۆژی داهاتوودا نەوتی سپیی ماڵان بگاتە هەرێمی کوردستان و بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، سەرەتا حکوومەتی عێراق بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی رەوانە دەکات، لە کاتێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی نەوتی سپیی ماڵان داوای نزیکەی 300 ملیۆن لیتر نەوتی کردووە، بۆ ئەوەی هەر خێزانێک 200 لیتر نەوتی پێ بدرێت.
هاوکات شەپۆلێکی بەفر و باران و سەرما هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لە چەند ناوچەیەک زیاتر لە دوو هەفتەیە سوپا دادەگیرسێندرێت.