وەزارەتی کارەبا بۆ کوردستان24: پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی زیاد دەبێت
بەهۆی راوەستانی هەناردەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتی بە چەند وێستگەیەکی دیکە بەستووە و ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبای بۆ 1500 مێگاوات بەرز کردووەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە کوردستان24ـی رایگەیاند، دوای راوەستانی هەناردەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ هەزار مێگاوات دابەزیبوو و تاوەکو ئێستاش هیچ ئاماژەیەکی نوێ بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی گاز لەو کێڵگەیەوە بۆ وێستگەکانی کارەبا نییە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە دا، بە خستنەکارەوەی چەند وێستگەیەکی گازی هاوەڵ و وێستگەی کارۆئاویی دوکان لەگەڵ چەند وێستگەیەکی دیکەی گازوایل، ئێستا تیمە تەکنیکییەکان ئاستی بەرهەمهێنانیان بۆ 1500 مێگاوات بەرز کردووەتەوە و بەمەش پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی زیاد دەکات.
هەروەها ئەوەی خستەڕوو، تەواوی وێستگە گازییەکان لە ئامادەباشیی تەواودان، بۆ ئەوەی هەر کاتێک کێڵگەی کۆرمۆر دەستی بە هەناردەکردنی گاز کرد، بە شێوەیەکی تەکنیکی وێستگەکان بگەڕێنەوە باری ئاساییی خۆیان.
سەرچاوەکەی وەزارەتی کارەبا باسی لەوە کرد، هەوڵەکان چڕ کراونەتەوە بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا دۆخی کێڵگەکە ئاسایی بکرێتەوە و هەناردەی گاز دەست پێبکاتەوە.
لە شەوی 8ـی تشرینی دووەمی 2026، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ. بەپێی راگەیەنراوێکی کۆمپانیای دانەگاز، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام پڕۆسەی بەرهەمهێنان تاوەکو هەڵسەنگاندنی زیانەکان راگیراوە.
بەهۆی ئەم رووداوەوە، ناردنی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا بە تەواوی وەستا و ئاستی بەرهەمهێنانی کارەباش لە 3700 مێگاواتەوە بۆ نزیکەی 1000 مێگاوات دابەزی، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی پێنج بۆ شەش کاتژمێری پێدانی کارەبای نیشتمانی.
کێڵگەی کۆرمۆر کە لەلایەن کۆمپانیای پێرڵ پیترۆلیۆمەوە بەڕێوەدەبرێت، گەورەترین سەرچاوەی دابینکردنی گازی سروشتییە بۆ وێستگەکانی کارەبا لە هەولێر و چەمچەماڵ و بازیان و بڕێکی زۆر لە گازی ماڵانیش دابین دەکات.
لە ساڵانی رابردوودا ئەم کێڵگە ستراتیژییە چەندین جار بووەتە ئامانجی هێرشی درۆنی و مووشەکی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاساوە، بەم هۆیەشەوە سیستەمی کارەبای هەرێمی کوردستان تووشی قەیران بووەتەوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام داوای دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دەکات بۆ پاراستنی.