یەکەمین فێستیڤاڵی زەیتوون لە عەفرین بەڕێوەدەچێت

بە سەرپەرشتیی پارێزگای حەلەب، ئیدارەی هەرێمی عەفرین و کۆمەڵەی کوڕانی زەیتوون، یەکەمین فێستیڤاڵی زەیتوون لە رۆژانی 18 و 19ی تشرینی دووەمی 2026 لە هەرێمی عەفرین بەڕێوەدەچێت، بە ئامانجی پیرۆزکردنی وەرزی رنینی زەیتوون، پشتیوانیکردنی جووتیاران و گەڕاندنەوەی بەرهەمی خۆماڵیی ناوچەکە بۆ سەر نەخشەی بازرگانیی جیهانی.

هەرێمی عەفرین کە بە هەبوونی زیاتر لە 18 ملیۆن دار زەیتوون ناسراوە، ئەمساڵ بۆ یەکەمجار میوانداریی ئەم فێستیڤاڵە دەکات. لەم چوارچێوەیەدا، کیفاح موراد، بەرپرسی کۆمەڵەی کوڕانی زەیتوون، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، تەواوی وردەکاری، ئامانج و پەیامەکانی پشت سازدانی فێستیڤاڵەکەی ئاشکرا کرد.

"زەیتوون ناسنامەی ئێمەیە"

بە گوتەی کیفاح موراد، بیرۆکەی سەرەکیی فێستیڤاڵەکە پیرۆزکردنی وەرزی رنینی زەیتوونە وەک دیارترین هێمای ئابووری و کولتووریی هەرێمی عەفرین. ئامانجی یەکەمی چالاکییەکە بریتییە لە پشتیوانیکردنی جووتیاران، بەرهەمهێنەرە بچووکەکان و دەستڕەنگینانی ناوچەکە بۆ ئەوەی دەرفەتی نمایشکردنی بەرهەمەکانیان بۆ برەخسێت، هاوکات جموجۆڵی بازرگانی ببووژێتەوە و شێوازە مۆدێرنەکانی چنینەوە و گوشینی زەیتوون بۆ بەدەستهێنانی بەرزترین کوالێتی بناسێندرێن.

لەبارەی پەیامی فێستیڤاڵەکەوە، موراد جەختی کردەوە: "پەیامی ناوخۆییمان ئەوەیە کە زەیتوون ناسنامە و رەگی قووڵی ئێمەیە لەسەر ئەم خاکە. ئەم فێستیڤاڵە پەیامێکی پشتیوانییە بۆ ئەوەی پیشانی بدەین کە رەنجی جووتیار و بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی، بنەمای سەقامگیری و ئابووریی عەفرینە. لەسەر ئاستی دەرەوەش، دەمانەوێت نیشانی بدەین کە عەفرین خاوەنی زەیت و بەرهەمێکە بە ستانداردی جیهانی و دەمانەوێت ئەم هەرێمە رەسەنە جارێکی دیکە بخەینەوە سەر نەخشەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن."

فێستیڤاڵەکە لە هەردوو رۆژی 18 و 19ی تشرینی دووەمدا لە کاتژمێر 10ی بەیانی تاوەکو 7ی ئێوارە بە بەرنامەیەکی دەوڵەمەندەوە دەرگاکانی بە رووی میواناندا دەکاتەوە و لەم بەشانە پێکدێت:

پێشانگای بەرهەمەکان: تەرخانکردنی شوێنی تایبەت بۆ نمایشکردنی بەرهەمە کشتوکاڵی، پیشەسازی و هونەرییەکان.

پانێڵ و وۆرکشۆپ: دانیشتنی تایبەت بە ئامادەبوونی پسپۆڕانی کشتوکاڵی لەسەر باشترین رێگاکانی کۆکردنەوە، عەمبارکردن و پێوەرە سەردەمییەکانی گوشینی زەیتوون (پاکوخاوێنی، ژینگە و رێژەی ترشێتی) بۆ بەدەستهێنانی رۆنێکی تەندروست.

شەوچەرە و ئاهەنگی فۆلکلۆری: پێشکەشکردنی بەرهەمی هونەری و شایی و ئاهەنگی میللی کە رەنگدانەوەی کولتووری خەڵکی عەفرین و خۆشیی ئەوانن بە بۆنەی وەرزی رنینەوە.
چی نمایش دەکرێت؟ لە زەیتەوە تا پەیکەری دار زەیتوون

لە پێشانگای فێستیڤاڵەکەدا بەرهەمی جۆراوجۆر دەخرێنە روو، لەوانە: جۆرە جیاوازەکانی زەیتوونی سەر سفرە، رۆنی زەیتوون بە بەرزترین کوالێتی، پیشەسازیی گۆڕاو وەک سابوونی غاری سروشتی، کارە دەستییەکان و تابلۆی شێوەکاری کە گوزارشت لە وەرزی رنینەوە و سروشتی ناوچەکە دەکەن، لەگەڵ پەیکەر و ئامێری کەونارا کە لە داری زەیتوون دروستکراون، هەروەها خواردن و ئازووقەی زستانەی رەسەنی گوندەواریی عەفرین.

بازاڕی راستەوخۆ و نەهێشتنی دەڵاڵەکان

یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی فێستیڤاڵەکە کە کیفاح موراد ئاماژەی پێکرد، پشتیوانیی ئابوورییە بۆ جووتیاران. فێستیڤاڵەکە دەبێتە پردێکی راستەوخۆ لەنێوان جووتیار، بازرگان و کڕیاراندا، بۆ ئەوەی نێوەندگیرەکان (دەڵاڵەکان) نەمێنن و رەنجی جووتیار نەخوورێت. هاوکات سەرنجی بازرگانانی دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمەکە بۆ سەر بەرهەمی ناوخۆیی رادەکێشرێت بۆ ئاسانکاریکردنی گرێبەست و ناردنی بەرهەمەکان. بۆ هاووڵاتییان و سەردانیکارانیش، بەشی تایبەت بە فرۆشتنی راستەوخۆ دەبێت بە نرخی گونجاو و داشکاندنی تایبەت.

هاوکاری و داهاتووی فێستیڤاڵەکە

سەبارەت بە بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەکە، موراد ئاماژەی بە هەماهەنگیی بەهێزی نێوان دامەزراوە کارگێڕییەکان، کۆمەڵەی کوڕانی زەیتوون و کۆمەڵگەی ناوخۆیی کرد؛ بە جۆرێک ئیدارەی هەرێم و پارێزگا ئەرکی پشتیوانیی لۆجستی، ئەمنی و خزمەتگوزارییان گرتووەتە ئەستۆ و کۆمەڵەکەش بەرپرسی پلاندانان و پەیوەندی لەگەڵ جووتیارانە.

لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ کوردستان24، کیفاح موراد رایگەیاند کە چاوەڕوانی هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناوچەکە، شاندی میدیایی، جووتیاران و بازرگانانی ناوچە دراوسێکان دەکەن و جەختی کردەوە کە ئامانجیان ئەوەیە ئەم فێستیڤاڵە تەنیا بۆ ئەمساڵ نەبێت، بەڵکو ببێتە نەریتێکی ساڵانەی بەردەوام بۆ بووژاندنەوەی ناسنامە و ئابووریی عەفرین.