11 ساڵ بەسەر ئازادکردنی شنگال تێدەپەڕێت
دوای 15 مانگ لە داگیرکردنی شنگال لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی لە 13ـی تشرینی دووەمی 2025دا، شارەکەیان بە تەواوی ئازاد کرد.
سەرۆک بارزانی لە 4ـی ئابی 2015، لە یەکەم ساڵیادی کەوتنی شنگال گوتی"بەڵێن دەدەم، ئەوەشی دەستی بۆ نامووسی ئێمە درێژ کردبێت، تا دوایین کەسیان لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایە بێت بە دوایان دەکەوین، تا تۆڵەی خەڵکی خۆمانیان لێ نەکەینەوە"؛ دوای تێپەڕبوونی سێ مانگ، سەرۆک بارزانی لە چیای شنگال پەیامێکی مێژوویی رایگەیاند و گوتی" مزگێنی رزگارکردنی شنگال بە گەلی کوردستان رادەگەیەنم، ئەم سەرکەوتنە لە خەڵکی کوردستان و خانەوادەی شەهیدانی قارەمان، بە تایبەت لە خوشک و برایانی ئێزیدی پیرۆز بێت؛ ئەم داستانە بە هەموو پێوەرێک داستانێکی مێژووییە تۆمارکرا".
لەم ئۆپەراسیۆنەدا پێشمەرگە توانی هێلی ستراتیژیی 47 ببڕێت، کە رێگەی سەرەکیی پەیوەندیی نێوان مووسڵ و رەققە بوو؛ ئەم سەرکەوتنە تەنیا ئازادکردنی شنگالی نەبوو، بەڵکوو گەڕاندەوەی هیوایەک بۆ مانەوەی هاووڵاتیانی ئێزیدی، کە لە دوای کەوتنی شنگال لە کەمپەکان و لەسەر چیای شنگال گیرسابوونەوە. هەروەها ئەمە بووە سەرەتایەک بۆ رووخان و کۆتایی هێنان بە رێکخراوی داعش کە لە مزگەوتی نووری مووسڵ خەلافەتەکەی راگەیاندبوو.
11 ساڵ دوای ئەو رۆژە مێژووییە، هێشتا بەشێکی زۆر لە ئاوارەکانی شنگال لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای دهۆک، لەوانە شاریا، کەبەرتوو، خانکێ و شێخان ماونەتەوە و نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. هۆکاری سەرەکی نەگەڕانەوەیان نەبوونی دڵنیایی ئەمنی و متمانەیە. زۆرێک لە خێزانەکان دەترسن لەگەڕانەوە بۆ ناوچەیەک کە هێشتا لەژێر کاریگەریی چەندین لایەنی چەکداریدایە و لە هەموو خزمەتگوزارییەکی سەرەتایی بێبەش و پەراوێزخراوە. بە تایبەت دوای رووداوەکانی 16ی تشرینی یەکەمی 2017 و هێرشی هێزەکانی عێراق و گرووپە میلیشیاکان جارێکی دیکە شنگال کەوتەوە ژێر مەترسی و هەڕەشەی چەکداری. ئەم گۆڕانکارییە بووە هۆی دروستبوونی دۆخێکی فرەهێزی کە تا ئێستاش بەردەوامە.
ئاماری رفێندراوان
بەگوێرەی ئامارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 6417 کەس لە خەڵکی شنگال لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێنراون، لەوانە 3595 کەسیان رزگارکراون، بەڵام هێشتا زیاتر لە 2526 کەس، نزیکەی 1215 یان ژن و کچن تا ئێستا چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە. نادیاری چارەنووسیان گەورەترین برینە ساڕێژ نەبووەکەی کۆمەڵگەی ئێزیدییە.
گۆڕە بە کۆمەڵەکان
نزیکەی 96 گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال و دەوروبەری دۆزراوەتەوە. لەم ژمارەیە نزیکەی 85 گۆڕ هەڵدراونەتەوە و رووفاتی سەدان قوربانی دەرهێنراوە. تا ئێستا رووفاتی نزیکەی 300 قوربانی دوای پشکنینی DNA بە خێزانەکانیان دراوەتەوە، بەڵام هێشتا ژمارەیەک گۆڕی بە کۆمەڵ ماون، هەڵنەدراوەوە و چاوەڕوانی ناسینەوەی سەدان رووفاتی دیکەش دەکرێت
بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا
زیاتر لە 15 وڵات و چەند دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکانیان بە تاوانی جینۆساید ناساندووە، دواتر فەرەنسا، بەریتانیا، ئەمریکا، کەنەدا، هۆڵەندا، بەلجیکا و چەند وڵاتێکی دیکە، پاشان پەرلەمانی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان تاوانەکەیان بە کۆمەڵکوژی ناساند.
ئەم دانپێدانانانە هەنگاوێکی گرنگ بوون بۆ تۆمارکردنی تاوانەکان و داواکردنی دادپەروەری، بەڵام حکوومەتی عێراق تا ئێستا بە فەرمی لە ئاستی پەرلەمان و حکوومەتدا تاوانەکەی بە جینۆساید نەناسیوە، تەنیا یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2021ـی دەرکرد بەناوی پشتگیریی ماددی و یاسایی لە رزگاربووان.
رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال
لە 9ـی تشرینی یەکەمی 2020، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، بە پشتگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێککەوتننامەیەکی گرنگیان بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال واژۆ کرد، بەڵام حکوومەتی عێراق تا ئێستا پابەندی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە نەبووە.
خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکە بریتی بوون لە:
- هەڵبژاردنی قایمقامێکی سەربەخۆ کە لە قبوڵکراو لەلایەن هەردوو لایەنەوە.
- رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی شنگال بە پۆلیس و کشانەوەی هەموو هێزە چەکدارە نافەرمییەکان.
- دامەزراندنی 2500 کەس لە خەڵکی شنگال بە هێزی پۆلیس بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
- جێبەجێکردنی پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بە شکۆمەندانە.
- پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی مەیدانی بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ناوەرۆکی رێککەوتنەکە.
رێكکەوتنی تاکلایەنە
دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ بە سەر رێککەوتنی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، حکوومەتی فیدراڵ کە پابەندی رێککەوتنەکە نەبوو، تاکلایەنە رێککەوتنی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە پەکەکە کرد و لە 26ـی تشرینی یەکەمی 2026دا، لە چیای شنگال پرۆسەی تێکەڵکردنی چەکدارانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)، بە دامەزراوەکانی حکوومەتی عێراقی جێبەجێکرد، وەک هەنگاوی یەکەم نزیکەی پێنج هەزار چەکدار گواستەوە سەر دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق و لە شنگال هێشتنییەوە.