سوپای پاسداران: کەشتییەکی گاز لە گەرووی هورمز تەقییەوە

سوپای پاسدارانی ئێران تەقینەوەی کەشتییەکی گواستنەوەی گازی بەهۆی مینێکی دەریاییەوە لە گەرووی هورمز راگەیاند، هاوکات ئاماژەی بە بەئامانجگرتنی سیستەمێکی راداری ئەمریکی لە بەحرەین کرد.

هەینی، 13ی تشرینی دووەمی 2026، سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا، کەشتییەک کە گازی سروشتیی شلی هەڵگرتبوو لە رۆژهەڵاتی گەرووی هورمز، هەوڵی دا بە رێڕەوێکی رێگەپێنەدراودا لە باشووری گەرووەکە تێپەڕێت، بەڵام بەر مینێکی دەریایی کەوت و تەقینەوەیەکی بەهێز تێیدا روویدا". سوپای پاسداران ناوی کەشتییەکە و ئەو وڵاتەشی ئاشکرا نەکردووە کە ئاڵاکەی هەڵگرتووە.

لە چەند هەفتەی رابردوودا تاران هەواڵی سووتانی چەندین کەشتیی دیکەدا لە ناو گەرووی هورمز، لە کاتێکدا واشنتن جەخت دەکاتەوە کە بەشی هەرە زۆری مینەکانی ناو گەرووەکەی پووچەڵ کردووەتەوە.

هەر رۆژی هەینی و لە کاتێکی پێشتردا، سوپای پاسداران بەپێی راگەیەندراوێک کە دەستەی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، هێزەکانیان سیستەمێکی راداری ئەمریکییان بۆ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە بەحرەین کردووەتە ئامانج. بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن مەنامە یان ئەمریکاوە دەرنەچووە، کە بنکەکانیان لە ناوچەی کەنداو لەوەتەی هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران پێش 8 مانگ، رووبەڕووی هێرشی بەردەوام بوونەتەوە.

هەرچەندە ئاستی جموجۆڵە سەربازییەکان لە دوای رێککەوتنی ئاگربەستی مانگی نیسانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، بەڵام ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناوبەناو گورز لە یەکتر دەوەشێنن.

لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی لە مانگی شوباتی رابردووەوە، ئێران رێوشوێنی توندی بەسەر هاتوچۆی ئەو گەرووە ستراتیژییەدا سەپاندووە کە رێڕەوی سەرەکیی دابینکردنی وزەیە. تاران دەڵێت کۆنترۆڵی گەرووەکەی کردووە و بە شێوەیەکی بەردەوام ئەو کەشتییانە دەکاتە ئامانج کە پابەند نابن بەو رێڕەوەی بە تەنیشت کەناراوەکانیدا دیاری کردووە.

لە وەڵامی ئەوەشدا، ئەمریکا لە مانگی نیسانەوە گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و یاوەری ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانە دەکات کە بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن، کە پێش جەنگ رێڕەوی گواستنەوەی نزیکەی پێنج یەکی پێداویستییەکانی جیهان بوو لە نەوت و گازی سروشتیی شل.