رێگەی کەرکووک بۆ سلێمانی داخرا

شۆفێرانی بارهەڵگر لە بازگەی دارەمان گردبوونەتەوە و دەڵێن کەس بە کەس نییە

لە شەوی رابردووەوە هێزەکانی فیدراڵی بازگەی دارەمانی کەرکووکیان لە بەردەم جووڵەی نێوان شارەکە بەرەو سلێمانی داخستووە و دەیان بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی تایبەت لەم بازگەیە گیریانخواردووە. شۆفێرانی بارهەڵگر دەڵێن لەم بازگەیە هەماهەنگی لەنێوان هیچ هێزێکی فیدراڵی نییە و دانبەیەکتری نانێن، گرفتی داخستنی بازگەکەش هێندە دووبارە بووەتەوە، رێبوارانی بە تەواوی بێزارکردووە.

داخرانی بازگەی دارەمان لەبەردەم تێپەڕبوونی بارهەڵگرەکان بووەتە بابەتێکی دووبارە بووەوەی هەفتانە و لە بەرە بەیانی ئەمڕۆ شەممەوە 14ـی تشرینی دووەمی 2026، جارێکی دیکە لەم بازگەیە رێگری لە تێپەڕبوونی بارهەڵگرەکان دەکرێت و ئەوانیش رێگەیان داخستووە و بەمەش هاتوچۆی نێوان کەرکووک - هەولێر پەکیکەوتووە.

یەکێک لە شۆفێرە بارهەڵگرەکان بۆ کوردستان24 گوتی: لە شەشی بەرە بەیانەوە لێرە گیرمانخواردووە و بە فەرمانی هێزی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رێگەی تێپەڕبوون بەم بازگەیە راگیراوە؛ هیچ یەکێک لە بازگەکە وەڵامی شۆفێرەکان ناداتەوە و دەڵێن بڕۆن بۆ خۆتان خۆپیشاندان بکەن.

شۆفێرەکە گوتیشی: هۆکاری داخستنی بازگەکە نازانین و هەموو بارهەڵگرەکانیش باریان پێیە و بەهۆی چەند بارە بوونەوەی داخستنی ئەم بازگەیە بێزاربووین، چونکە بەردەوام دووبارە دەبێتەوە و هۆکارەکەی ئەوەیە هێزەکانی ئەم بازگەیە دان بەیەکترییەوە نانێن.

شۆفێرکی دیکە دەڵێت: لە کاتژمێر 2:30ـی بەرە بەیانەوە لەم بازگەیە گیرمخواردووەو هیچ بارێکیشم پێ نییە بۆ ئەوەی پاساوی پشکینیان هەبێت.

شوفێرێکی تر دەڵێت: لەم بازگەیە هەر رۆژەو بیانووێک دەگرن، ئەگەر باسی دزەکردن و شەڕی شەوی رابردوو چەکدارانی داعش و هێزەکانی عێراق بێت لە پردێ، ئەمە کەی پەیوەندیی بە بارهەڵگرەوە هەیە.

گوتیشی: لەم بازگەیە یاریی بە خەڵک دەکرێت، کاتێک رێگە دادەخەن، پۆلیسی فیدراڵ دەڵێ بچنە لای ئاسایشی نیشتمانی، بە پێچەوانەشەوە ئەوانیش دەماننێرنەوە بۆلاکەی دیکە، بەجددی بێزاربووین و ئەگەر نایەڵن کاسبی بکەین با ئێمەش بچینەوە بارهەڵگرەکانمان رابگرین و لەماڵەوە دابنیشین.