کوبا ئامادەکاری بۆ هێرشی ئەمریکا دەکات
مێگێل دیاز کانێل، سەرۆکی کوبا رایگەیاند، وڵاتەکەی خۆی بۆ ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی هێرشێکی سەربازیی ئەمریکا ئامادە دەکات. ئەم هەنگاوە لە وەڵامی ئەو لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت کە وەک هەڕەشەی سەربازی لێکدراونەتەوە.
مێگێل دیاز کانێل، سەرۆکی کوبا لە بارمبەر هەڕەشەکانی دۆنالد ترەمپ دا گوتی "بڕیارمان داوە بەرپەرچی هەر هەوڵێکی دەستدرێژیی سەربازیی بیانی بۆ سەر وڵاتەکەمان بدەینەوە".
سەرۆکی کوبا جەختیکردەوە، کوبا وڵاتێکی ئاشتیخوازە و هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دروست ناکات.
رۆژی پێنجشەممە، ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکی هیو هیویتی پێشکەشکاری بەرنامە رادیۆیی سەبارەت بە ئەگەری دەستێوەردانی سەربازی بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی کوبا، گوتی "دەمەوێت پێش ئەوەی پۆستەکەم بەجێبهێڵم، دۆسیەی کوبا یەکلایی بکەمەوە".
ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدابوو "بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەین. کوبا بە دۆخێکی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت و وڵاتێکی شکستخواردووە".
دیاز کانێل بەبێ ئەوەی ناوی ترەمپ بهێنێت، رەخنەی لەو لێدوانانە گرت کە لەلایەن سیاسەتمەدارانی ئەمریکاوە سەبارەت بە ئەگەری دەستوەردانی سەربازی دژی کوبا دەدرێن.
سەرۆکی کوبا ئەو قسانەی لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمێکی بەرگریی نیشتمانی لە ناوچەی بویرۆس لە باشووری هاڤانا کرد. رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی ئەفسەرانی باڵای سەربازی، ئەندامانی پارتی کۆمۆنیست و بەرپرسانی خۆجێیی بەڕێوەچوو.
کوبا لە دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی ئەمریکا لە کانوونی دووەمدا، کە تێیدا نیکۆلاس مادورۆ دەستگیر کرا و گوازرایەوە بۆ ئەمریکا، بەردەوام مانۆڕی سەربازی دەکات و بۆ هەماهەنگیی کاروباری بەرگری کۆدەبێتەوە.
سەربازان لە چوارچێوەی ستراتیژیی بەرگریی کوبا، کە بە جەنگی هەموو گەل ناسراوە، مەشق و راهێنانی سەرەتایی بە مەدەنییەکان دەکەن. ترەمپ چەندین جار ئەگەری دەستوەردانی سەربازیی ئەمریکای لە کوبا ورووژاندووە.
مانگی تشرینی یەکەم و بەر لە هەڵبژاردنی نیوەی خول، ترەمپ ئاماژەی بە ئەگەری ئەوە کرد کە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا، کاتێک لە جەنگی دژی ئێران دەگەڕێنەوە، بەرەو کوبا بەڕێ دەکەون و لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە دەمێننەوە.