وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ترەمپ بیر لە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دەکاتەوە

رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، لە ئیدارەی ترەمپ مشتومڕ لەسەر هێرشکردنەوە بۆ سەر ئێران دروستبووە، هاوکات سەرۆکی ئەمریکاش لە رێگەی گەمارۆ و سزاکانەوە بەردەوامە لە گوشار خستنە سەر ئەو وڵاتە.

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی گەمارۆ و سزاکانەوە بەردەوامە لە گوشار خستنە سەر ئێران، هاوکات لەناو ئیدارەکەیدا مشتومڕ لەسەر دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان دروست بووە.

رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە روونیکردەوە، هەواڵگریی ئەمریکا مەزەندە دەکات ئێران خاوەنی 1,500 بۆ 2,500 مووشەک بێت. ئەو بەرپرسانە روونیشیانکردەوە، تاران بەردەوامە لە بنیاتنانەوەی جبەخانەی مووشەکیی خۆی، بەڵام بە خێراییەکی کەمتر لەوەی پێش جەنگ هەبوو.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، دوێنێ شەممە سێ سەرچاوەی ئاگادار کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاند، ترەمپ لە چەند رۆژی رابردوودا بە راوێژکارە باڵاکانی خۆی گوتووە، ئەگەر ئەمریکا لەلایەن تاران یان حووسییەکان رووبەڕووی هیچ هێرشێک نەبێتەوە، رەنگە خۆی لە هێرشکردنە سەر ئێران بەدوور بگرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە  ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە قۆناخی دووەمی وەڵامی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا، راداری سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە لە بنکەی رەفاعی هێلیکۆپتەرەکان لە بەحرەین بە شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێزی ئاسمانی کراوەتە ئامانج.

لە راگەیەندراوەکەدا روونکراوەتەوە، دەنگی پێکان و وردیی ئامانجگرتنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لە ناوچە جیاجیاکانی بەحرەین بیستراوە. ئەمە توانای ئۆپەراسیۆنیی سوپای پاسداران دەردەخات.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەمریکا دوای شکستەکەی لە بەرنامەی هاوکاریی کەشتییەکان، کە بە پاساوی قاچاخچێتیی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە دەیکات، ئێستا هەوڵ دەدات لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی سنووردار و هەڕەمەکییەوە سەرنجی جیهان لە راستیی داخستنی ئەم رێڕەوە ئاوییە گرنگە لابدات.

سوپای پاسداران رایانگەیاند، گەرووی هورمز داخراوە و هەر دەستدرێژییەکی ئەمریکا رووبەڕووی وەڵامێکی توندتر و بەهێزتر دەبێتەوە.