کارزان هادی: هەر کەس زەوییەکەی بەر پشتێنەی سەوزایی بکەوێت قەرەبوو دەکرێتەوە
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، قەرەبووی ئەو هاووڵاتیانە دەکرێتەوە کە زەویەکانییان بەر پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی دەکەوێت، محەمەد شوکریش دەڵێت: لە چوارچێوەی پرؤژەی پشتێنەی سەوزایی مۆڵەتمان بە پێنج کارگە داوە بۆ بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون و سابوون و پەینی کیمیایی.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بەکوردستان24ـی راگەیاند، دوای تەواوبوونی 95%ـی کارەکانی قۆناخی یەکەمی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، بەردی بناخەی قۆناخی دووەمی پڕۆژەکە بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دانرا.
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر روونیکردەوە، بەردی بناخەی قۆناخی یەکەم پارساڵ بە پاڵپشتیی راستەوخۆی سەرۆکی حکوومەت دانرا، لە ئێستاشدا بەردی بناخەی قۆناغی دووەم ناسراو بە زۆنی (A8) دانرا، کە بەشێکە لە پشتێنەی سەوزایی بە پانتایی دوو کیلۆمەتر و بە درێژایی نزیکەی 82 بۆ 84 کیلۆمەتر بە دەوری هەولێردا دەسووڕێتەوە.
سەبارەت بە پرسی قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییان، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر جەختیکردەوە، لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکارە یاسایی و هونەرییەکان گیراونەتەبەر، زەوی دیاریکراوە و نەخشەی کەرتی بۆ داڕێژراوە تا مافی کەس نەفەوتێت.
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر روونیکردەوە، هەر هاووڵاتییەک مافی هەبێت، چ بەپێی گرێبەستی کشتوکاڵی بێت یان مافی رەفتارکردن لەسەر زەوییەکە، بە دڵنیاییەوە بەگوێرەی یاسا و رێنماییەکان قەرەبوو دەکرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، لە چوارچێوەی قۆناخی یەکەم و دووەمی پڕۆژەکەدا، مۆڵەت بە چوار بۆ پێنج کارگە دراوە کە بەرهەمی زەیتی زەیتوون و سابوون دروست دەکەن.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاشکرایکرد، ئەو دارانەی دەچێندرێن لە تەمەنێکی سەرەتاییدا بەرهەم دەدەن و لە ماوەی دوو بۆ سێ ساڵی داهاتوودا بەرهەمەکانیان بۆ کارگەکانی زەیتی زەیتوون، دروستکردنی سابوون و پەینی کشتوکاڵی دابین دەکرێن.
سەبارەت بە بەشداریی کەرتی تایبەت، محەمەد شوکری رایگەیاند، زانکۆی جیهان بەشێک لە پڕۆژەکە وەردەگرێت بۆ دروستکردنی رووبەرێکی دارستانی تایبەت بە ناوی زانکۆکەوە لەناو پشتێنەی سەوزایی، کە هەم دەبێتە پڕۆژەیەکی سەوزکردن و هەم چەندین پڕۆژەی دیکەی لەگەڵدا بەڕێوەدەچێت.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان روونیکردەوە، لە قۆناخەکانی داهاتوودا داری پیشەسازی دەچێندرێت، بۆ ئەوەی لەبری هاوردەکردنی دار لە دەرەوە، کەرەستەی خاوی پێویست بۆ پیشەسازیی مۆبیلیات لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا بەرهەم بهێنرێت.