دوای جورف سەخر؛ زەیدی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوتی کەرکووک و بەسرە هەڵدەداتەوە
بڕیارەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ لەسەرکارلادانی 9 بەرپرسی ئەمنی و کارگێڕی لە پاشخانی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە شارەدێی جورف سەخری پارێزگای بابل، تەنیا رێکارێکی کارگێڕی نییە بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕیی دەزگا پەیوەندیدارەکان و دەستدرێژیی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بۆرییە فەرمییەکانی گواستنەوەی نەوتی عێراق لە نێوان پارێزگاکاندا، بەڵکو پێدەچێت درێژەپێدانی کردنەوەی هەستیارترین دۆسیە بێت کە دزین و بەقاچاخبردنی نەوتە؛ بەتایبەتی کە لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە لە جورف سەخر، لە کۆتاییدا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە پرۆسەی بەقاچاخبردن و دامەزراوەی نەوتی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا هەن.
بڕیارەکانی زەیدی، دوای دڵنیابوونەوە لە راستیی بوونی بەقاچاخبردنەکە و بەرپرسیارێتیی گرووپێکی چەکدار تێیدا، 9 بەرپرسی باڵای ئەمنی و کارگێڕیی لە پارێزگای بابل گرتەوە و تۆمەتبارانی تێوەگلاویش رەوانەی دادگا کران. زەیدی جەختی لە پێویستیی خستنەئەستۆی بەرپرسیارێتیی هەر پرۆسەیەکی بەقاچاخبردن کردەوە بۆ سەر فەرماندە ئەمنی و کارگێڕییەکان ئەگەر لە سنووری دەسەڵاتیاندا رووبدات. بەگوێرەی بۆچوونی شارەزایان، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەم رێگەیەی بە سەلامەتترین شێواز زانیوە بۆ بەدیهێنانی ئاسایشی نەوتی لە ناوخۆدا و رێگریکردن لە بەقاچاخبردن لە داهاتوودا، بەتایبەت کە فەرماندە ئەمنی، سەربازی و هەواڵگرییەکان زۆربەی کات ئاگاداری بەقاچاخبردنی نەوت و ئەنجامدەرانی دەبن، بەڵام چاوپۆشی لە ئاشکراکردنی دەکەن، ئەمەش ترس و نیگەرانیی ئەوان لە لایەنە قاچاخچییەکان، هەژموونەکەیان و تێکەڵبوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی وڵات لە سەرکردەی حزبەکان و فەرماندەی گرووپە چەکدارەکان روون دەکاتەوە.
دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان کە لە 72 کاتژمێر زیاتری نەخایاند و پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە پرۆسەکە بوونی هەیە سەرەڕای ئەوەی بەرپرسان، فەرماندەی گرووپە چەکدارەکان، ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و عەلی تورکی پارێزگاری بابل کە دواتر دەستی لەکار کێشایەوە، رەتیان کردەوە زەیدی ستایشی هەوڵەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی کرد لە ئاشکراکردنی تێوەگلاوان لە دزینی سامانی گشتی، دیاریکردنی بازنەی بەرپرسیارێتی، دەستنیشانکردنی کەمتەرخەمان و راوەدوونانیان بەپێی یاسا. زەیدی لە راگەیەنراوێکدا دووپاتی کردەوە: "حکوومەت پابەندە بە پاراستنی سامانی گشتی، رووبەڕووبوونەوەی توندی پرۆسەکانی بەقاچاخبردنی نەوت و پووچەڵکردنەوەی هەموو هەوڵەکانی یاریکردن بە سامانی نیشتمانی لە سەرتاسەری عێراقدا"، جەختیشی کردەوە کە "بەرپرسیارێتیی ئەمنی و کارگێڕی وا دەخوازێت رێگری لەم تاوانانە بکرێت و لێپرسینەوە لەگەڵ هەر کەسێکدا بکرێت کە کەمتەرخەمی یان تێوەگلانی دەسەلمێنرێت".
سەرچاوە نزیکەکان لە سەرۆکی حکوومەتی عێراق راگەیاندووە: "زەیدی فەرمانی داوە بە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لە چەندین گومانی دیکەی پەیوەست بە بەقاچاخبردنی نەوتی عێراق لە رێگەی چەند دەروازەیەکەوە و لە رێگەی تێکدانی بەئەنقەستی بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت، بەتایبەتی لە پارێزگای کەرکووک، کە زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن لایەنی چەکدار هەن نەوتی کەرکووک لە رێگەی دەروازەی سنووریی باشماخەوە لە پارێزگای سلێمانی، بە قاچاخ ئاودیوی ئێرانی دەکەن". ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەش داوە کە زەیدی کەیسی جورف سەخری کردووەتە سەرەتایەک بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە دیاردەی دزین و بەقاچاخبردنی نەوتی عێراق.
ئەندامێکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاندووە: "بەقاچاخبردنی نەوت چەندین شێوەی جیاواز وەردەگرێت، لە دزینی نەوت لە بۆری و دامەزراوەکان و یاریکردن بە بڕی بەرهەمهێنان و گواستنەوەوە بگرە تا دەگاتە بەقاچاخبردنی سووتەمەنیی پاڵپشتیکراو، تێکەڵکردنی نەوتی عێراقی لەگەڵ نەوتی سەرچاوەکانی دیکە و دەستکاریکردنی بەڵگەنامەکانی هەناردەکردن و بارەکان". روونیشی کردەوە کە "پێشێلکردنی یاسا خەسڵەتێکی سەرەکیی زۆرێک لە گرووپ و لایەنەکانە لە عێراقدا، هەروەها نەبوونی پێوەری ورد بۆ چاودێریکردنی لێشاوی نەوت لە کێڵگەکانەوە بۆ پاڵاوگەکان و بەندەرەکانی هەناردەکردن دەقۆزرێتەوە، کە وا دەکات ئاشکراکردن و شوێنپێهەڵگرتنی بڕە دزراوەکان هەندێک جار کارێکی ئەستەم بێت".
ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو ئەوەشی خستە روو: "عێراق فراوانبوونی لە بەرهەمهێنانی نەوتدا بەخۆیەوە بینیوە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا وای لەو لایەنە عێراقییانە کردووە کە پێیەکیان لەناو دەوڵەت و پێیەکی دیکەیان لە دەرەوەی دەوڵەتە، دەست بەسەر بازنەکانی دابەشکردنی نەوت و بەرهەمەکانیدا بگرن، بەمەش تۆڕی رێکخراوتر سەریان هەڵداوە کە سوود لە جیاوازیی نێوان نرخی پاڵپشتیکراوی ناوخۆیی و نرخی بازاڕەکانی دراوسێ وەردەگرن؛ بۆیە پرۆسەکانی بەقاچاخبردن تەنیا لە تێکدانی بۆرییەکاندا کورت نابنەوە، بەڵکو کۆمپانیا و فەرمانگە فەرمییەکانی دابەشکردنی نەوتیش دەگرنەوە".
بە بڕوای ئەو، رێگەکانی بەقاچاخبردنی نەوت لە رێگەی دەستبەسەرداگرتنی نەوت لە بۆری و هێڵەکانی گواستنەوە و یاریکردن بە پشکی کۆمپانیا و کارگەکان ئەنجام دەدرێن، سەرەڕای بەکارهێنانی تانکەرەکانی گواستنەوە و رووکاری بازرگانی بۆ گواستنەوەی نەوت بەبێ ئەوەی بەڵگەنامە فەرمییەکان سەرچاوە و بڕە راستەقینەکەی پیشان بدەن.
پارێزگای بەسرە لە ئەوپەڕی باشووری عێراق، دیارترین گۆڕەپانی بەقاچاخبردنە بەهۆی بوونی کێڵگە نەوتییەکان، بەندەرەکان و ئەو دامەزراوانەی هەناردەی عێراقیان پێدا تێدەپەڕێت، جگە لە دابەشبوونی دەسەڵات و هاوبەشیکردن لە نێوان حزب و گرووپە چەکدارەکاندا بەسەر پارێزگاکە و سامانەکانیدا، کە لە کۆتاییدا ئەم لایەنانە هەفتانە ملیۆنان دۆلاریان دەست دەکەوێت. بەگوێرەی سەرچاوە سیاسییە عێراقییەکان، لە 10 ساڵی رابردوودا حزبە سیاسییەکان و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەوان دەستیان کردووە بە بەڕێوەبردنی دەیان سەکۆی دەریایی سەرئاوکەوتوو لە بەسرە کە بەرپرسن لە گەیشتن، تێپەڕین و بەقاچاخبردنی نەوت.
ساڵی رابردووش، کەیسی تێکەڵکردنی نەوتی ئێرانی بە نەوتی عێراقی و گۆڕینی وڵاتی سەرچاوە دەرکەوت، وەک یەکێک لە مەترسیدارترین دۆسیەکان کە گواستنەوەی بەقاچاخبردنی لە دزینی راستەوخۆی نەوتەوە بۆ پرۆسەی رێکخراو ئاشکرا کرد کە تێیدا بازرگانیی نێودەوڵەتی، ساختەکاری و خۆدزینەوە لە سزاکان تێکەڵ دەبن. یەکێک لە شێوازەکانی بەقاچاخبردن بریتییە لە بارکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بە بڕێک نەوتی ئێرانی و دواتر تێکەڵکردنی لەگەڵ بڕێک نەوتی عێراقی و بەکارهێنانی بەڵگەنامە و بڕوانامەی سەرچاوەی عێراقی بۆ پیشاندانی بارەکە وەک ئەوەی نەوتی عێراق بێت، ئەمەش رێگە دەدات نەوتی ئێرانی دوور لە کۆتوبەند و سزاکانی ئەمریکا لە بازاڕەکاندا ساخ بکرێتەوە؛ ئەم دۆسیەیەش بە ناوی بازرگان (سەلیم ئەحمەد سەعید)ـەوە بەسترایەوە، کە لێکۆڵینەوە رۆژنامەوانییە نێودەوڵەتییەکان وەک یەکێک لە دیارترین ناوەندگیرەکان لە پرۆسەکانی تێکەڵکردن، گواستنەوە و بەبازاڕکردنی نەوتدا باسیان لێوە کردووە.