وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی کۆچی ڤییەنا بەشداری دەکات
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی کۆچ (ICMPD) لە کۆنفرانسی ساڵانەی کۆچ لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا بەشداری دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، رێبەر ئەحمەد زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دوولایەنەی لەگەڵ ژمارەیەک لە وەزیران و بەرپرسانی باڵای وڵاتان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان ساز کردووە.
بەگوێرەی بەرنامەی کۆبوونەوەکان، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆی نەمسا، ئەڵمانیا و ئوردن، هەروەها وەزیرانی کۆچی سوید و هۆڵەندا دیدار دەکات. هاوکات لەگەڵ بەرپرسانی دامەزراوەی فرۆنتێکس و سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی کۆچ کۆ دەبێتەوە.
تەوەری سەرەکیی ئەم کۆبوونەوانە بریتییە لە خستنەڕووی رۆڵی مرۆیی و میواندۆستانەی هەرێمی کوردستان لە پێشوازیکردن و داڵدەدانی پەنابەران و ئاوارەکان. لەم چوارچێوەیەشدا، ئەحمەد پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەڕێوەبردنی بەرپرسیارانەی دۆسیەی کۆچبەری دووپات دەکاتەوە.
هەروەها هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و پەرەپێدانی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان لە بواری کۆچ و پەنابەری، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی وەزیری ناوخۆ لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان پێکدەهێنێت.