داوای تەواوکردنی پڕۆژە تەواونەکراوەکانی پارێزگای دهۆک دەکرێت

لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار 600 پڕۆژە لە پارێزگای دهۆک جێبەجێ کراون و زیاتر لە سەدا 80 پڕۆژەکانیش تەواو کراون، بەڵام چەند پڕۆژەیەک  هەن کارکردن تێیاندا وەستاوە و داوای دەستپێکردنەوەی کارەکانیان دەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، ماجد سەیدساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک بە کوردستان24 ـی راگەیاند، دوای ئەوە سەرۆکوەزیرانی مەسرور بارزانی سەردانی پارێزگای دهۆکی کرد، چەندین داواکارییان ئاراستەی سەرۆکی حکوومەت کرد، یەکێک لە داواکارییەکان تەواوکردنی پڕۆژە تەواو نەکراوەکان بوون کە بەهۆی نەبوونی نەختینە کارەکانیان وەستاوە.

سەبارەت بەوەی ئەو پڕۆژانەی وەستاون لە چ سێکتەر و بوارێکن و هۆکارەکەی چییە؟ جێگری پارێزگاری دهۆک گوتی؛ پڕۆژەکان لە زۆرینەی لە بوارەکان وەک پەروەردە و رێگاوبان و ئاوەڕۆ و تەندروستی، بەڵام زۆر گرنگە چەند قوتابخانەیەک و پڕۆژەیەکی رێگاوبان هەن پەلە لە تەواوکردنیان بکرێت.

دەشڵێت، هۆکاری وەستانی پڕۆژەکان نەبوونی نەختینە و خەرجنەکردنی پارەی کۆمپانیای بەڵێندەرانە. ئاشکراشی کرد، لەسەردەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەزار و 600 پڕۆژە لە بواری جۆراوجۆرەکان لە پارێزگای دهۆک جێبەجێ کراون و زیاتر لە سەدا 80 ـی پڕۆژەکان تەواو کراون.

هەروەها چەندین پڕۆژەی ستراتیژی دیکە لە قۆناخی جێبەجێ کردنن، لەوانە پڕۆژەی دووسایدی باعەدرێ و ئیتێ کە لە سەدا 70 ـی کارەکانی تەواو بووە، پڕۆژەی پارکی ئالوکایە و پڕۆژەی ئاوی بەردەڕەش کە ئاوی 80 گوند دابین دەکات. هاوکات چەندین پڕۆژە لە بوارەکانی رێگاوبان و کارەبا و تەندروستی لە قۆناخی جێبەجێ کردنن.

لەلایەکی دیکەوە ئیدارەی پارێزگای دهۆک هەڵمەتێکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسی لافاو دەستپێکردووە و زۆرینەی مەنهوڵ و ئاوەڕۆکانی پاککردووەتەوە و ژمارەیەک پڕۆژەش بۆ رێگری لە لافاو جێبەجێ دەکرێن.