نزمەپەستانێکی دەریای سپی ناوەڕاست هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، نزمەپەستانێکی دەریای سپی ناوەڕاست روو لە هەرێمی کوردستان دەکات، سەرەتا بە نمەباران لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژئاوا دەست پێدەکات و دواتر کاریگەرییەکەی زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە، هاوکات پلەکانی گەرما بە جێگیری دەمێننەوە و لە نێوان 12 بۆ 26 پلەی سیلیزیدا دەبن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی پێشبینییەکانی بۆ کەشی 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئاسمانی ئەمڕۆ لە نێوان نیمچەهەور و هەوری تەواودا دەبێت، لەگەڵ ئەگەری نمەبارانی کەم و جیاجیا لە ناوچە شاخاوییەکاندا.
ئاماژەی بەوە دا، لە ناوچە شاخاوییەکاندا و بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەکانی باکوور، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و لە کاتەکانی ئێوارەدا کەمێک نمەباران دەبارێت، بەڵام لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە سنوورییەکانی رۆژئاوا، ئەگەری تاوەباران و بروسکە هەیە.
سەبارەت بە کەشی پێشبینیکراوی سبەی سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتییەکە روونیشی کردەوە، ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە نێوان نیمچەهەور و هەوری تەواودا دەبێت و ئەگەری نمەبارانی کەم بە رێژەی جیاجیا لە ناوچە شاخاوییەکاندا هەیە. بۆ کاتەکانی شەویش کاریگەریی نزمەپەستانێکی دەریای سپی ناوەڕاست دەگاتە هەرێمی کوردستان و سەرەتا نمەباران لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژئاوا دەبارێت، پاشان بۆ رۆژی چوارشەممە کاریگەرییەکەی بۆ زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان درێژ دەبێتەوە.
هەر بە گوێرەی پێشبینییەکان، پلەکانی گەرما بۆ ئەمڕۆ دووشەممە و سبەی سێشەممە تا رادەیەکی زۆر بە جێگیری دەمێننەوە، بە جۆرێک بەرزترین پلەی پێشبینیکراو 26 پلەی سیلیزی دەبێت لە گەرمیان و نزمترینیش 12 پلەی سیلیزی دەبێت لە حاجی ئۆمەران.