ئوردن 'تێلێگرام'ـی قەدەخە کرد

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی ئوردن، ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، بلۆککردنی ئەپڵیکەیشنی "تێلێگرام"ی لە وڵاتەکەیدا راگەیاند و هۆکاری بڕیارەکەشی بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی دیجیتاڵی، پاراستنی بەکارهێنەران و کەمکردنەوەی مەترسی و کارە نایاساییەکانی پەیوەست بە بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان گەڕاندەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا کە میدیاکانی ئوردن بڵاویان کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پلاتفۆرمانە لە چوارچێوەی پەرۆشییانە بۆ پاراستنی کۆمەڵگە و بەرەنگاربوونەوەی ئەو بەکارهێنانانەی کە رەنگە ببنە هۆی ئەنجامدانی تاوانی ئەلیکترۆنی، هەڕەشە و ناچارکردن، سەرەڕای بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی نایاسایی و هەوڵەکانی بانگەشەکردن بۆ توندڕەوی، کە کاریگەری لەسەر ئاسایشی نیشتمانی دروست دەکات.

هەروەها راشیگەیاندووە، ئەم رێکارانە هاوتەریبن لەگەڵ یاسا بەرکارەکاندا، داواشی لە هاووڵاتییان کردووە لە کاتی بەکارهێنانی ئەپەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە وریایی و هۆشیارییەوە مامەڵە بکەن، کارلێک لەگەڵ هەژمار، لینک و لایەنە نەناسراوەکاندا نەکەن و لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەر رەفتار یان ناوەڕۆکێکی نایاسایی ئاگادار بکەنەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی لە گرنگی رۆڵی خێزان کردووەتەوە لە چاودێریکردنی منداڵەکانیان لە کاتی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەپە دیجیتاڵییەکاندا، هۆشیارکردنەوەیان سەبارەت بە مەترسییە پەیوەندیدارەکان، ئاراستەکردنیان بەرەو بەکارهێنانی سەلامەت و بەرپرسیارانەی تەکنەلۆژیا و سوودوەرگرتن لەو ئامرازە بەردەستانەی کە بۆ چاودێریکردنی دایکان و باوکان تەرخان کراون.

ئاسایشی گشتیی ئوردن دووپاتی کردەوە، بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو تاوان و سەرپێچییانەی لە رێگەی دیجیتاڵییەوە ئەنجام دەدرێن، بە شێوەیەک کە ئاسایشی کۆمەڵگە و سەلامەتی تاکەکانی بپارێزرێت.