شێروان شەمێرانی: نابێت رێگا بە دەستوەردانی دەرەکی بدەین
شرۆڤەکاری سیاسی رایگەیاند، باسکردنی پرسی جیاکردنەوە یان بەهەرێمکردنی سلێمانی، خواستێکی جەماوەری نییە، بەڵکو کاردانەوەیەکی سیاسی و کارتێکی فشارە کە لە ئەنجامی پەیوەندیی نێوان یەکێتی و پارتی و لەکارخستنی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە سەریهەڵداوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2026، شێروان شەمێرانی، شرۆڤەکاری سیاسی بۆ کوردستان24 جەختیکردەوە، پارچەپارچەبوونی هەرێمی کوردستان لە هیچ روویەکەوە قبووڵکراو نییە. ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە روونیکردەوە، کوردستان لەژێر مەترسیی راستەقینەی کەرتبووندا نییە و ئەو دۆخە تێدەپەڕێت.
هاوکات شێروان شەمێرانی رەخنەی لە زاڵبوونی گیانی حزبی بەسەر هزری نەتەوەییدا گرت و گوتی: "دەبێت هەموو حزبەکانی کوردستان لەوە تێبگەن کە حزب ئامرازە بۆ خزمەتکردنی نەتەوە و ئازادکردنی کوردستان، نەک نەتەوە ببێتە خزمەتکاری حزب."
بە بڕوای ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، گرفتی سەرەکی لە هەرێمی کوردستاندا ئەوەیە کە کۆمەڵگا بەرەو ئاراستەیەکی حزبی براوە و لە روانگەی حزبەوە دەڕوانرێتە پرسە نەتەوەییەکان.
سەبارەت بە هەڵمەتەکانی واژۆکۆکردنەوە لە سلێمانی و رووکردنە بەغدا، شەمێرانی باسی لەوە کرد کە هەرێمی کوردستان لە دەستووری عێراقدا وەک یەک هەرێمی فیدراڵی ناسراوە و دەسەڵاتەکانی ناو دەستووریش لە ئەنجامی خەباتی سەرکردایەتیی کوردەوە بەدەستهێنراون بۆ پاراستنی هەرێم، بەڵام "کاتێک دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان لەکار دەخرێن و ئیشی خۆیان ناکەن، خەڵک پەنا بۆ دەرەوە دەبات."
شێروان شەمێرانی هەرێمی کوردستانی بە ماڵێک شوبهاند و رایگەیاند، پێویستە ناوماڵی کورد ئەوەندە رێک و خاوەن پرەنسیپ بێت کە دەرگا بۆ دەستوەردانی دەرەکی نەکرێتەوە. ئەو دووپاتیکردەوە کە هەرچەندە پێویستە لە گلەییەکانی خەڵکی سلێمانی تێبگەین، بەڵام دابەشبوونی هەرێم لە رووی مێژوویی و نەتەوەییەوە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، شێروان شەمێرانی دانیشتنی تاکلایەنە و پشت پەردەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە دەرەوەی دامودەزگا یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێم لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بە نادروست وەسف کرد. روونیکردەوە، ئەگەرچی عێراق و دەستوور و بەغدا وەک پایتەخت واقیعێکن، بەڵام نابێت کورد روحی نەتەوەیی و دۆزی رەوای خۆی لەدەست بدات.
لە کۆتاییشدا، ئەو شرۆڤەکارە بە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی حەماس و فەتح هۆشدارییدا و روونیکردەوە کە سەرەڕای ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان خاکی فەڵەستین بە داگیرکراو دەناسێت، بەڵام ناکۆکیی نێوان ئەو دوو بزووتنەوەیە و دروستکردنی دوو حکوومەت لە غەزە و رامەڵڵا لە ساڵی 2006ـەوە، گەمارۆی ئابووری و کارەساتی بەسەر غەزەدا هێنا.