قالیباف هۆشداری لە هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی دەدات

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هۆشداریی دا لە ئامادەکارییەکان بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنیی وڵاتەکەی و جەختی کردەوە کە هەمان لۆژیک بەرامبەر ئەو ژێرخانانەش جێبەجێ دەکرێت کە لە نزیک بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلن.

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "ئامادەکاری بۆ قۆناخی داهاتووی هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی دەستی پێکردووە" و ئاماژەی بەوە کردووە، لەو چوارچێوەیەدا، شارەزایانی سەر بە لایەنێک بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان راگەیاندووە بەنداوەکانی نزیک بنکە مووشەکییەکانی ئێران بەکارهێنانی دوولایەنەیان هەیە.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە وەڵامی ئەو بانگەشەیەدا ئاشکرای کردووە، بڕیارێکی نوێ دەرکراوە، بەجۆرێک بەگوێرەی هەمان لۆژیک "هەر بەنداو، بەندەر یان وێستگەیەکی کارەبا لە نزیک بنکەیەکی ئەمریکی یان ئیسرائیلی بێت، بەکارهێنانی دوولایەنەی هەیە." لە کۆتایی پەیامەکەشیدا جەختی کردووەتەوە، "ئەو لۆژیکە بە شێوازێکی یەکسان و بێ جیاوازی جێبەجێ دەکرێت."

رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، تۆڕێکی فراوانی بەنداو و پڕۆژەی گواستنەوەی ئاو لە ئێران کە زۆربەیان لە ناوچەی بێ پێویستیی رووندا دروستکراون، ساڵانێکە شارەزایانی سەرسام کردووە. بە وتەی رۆژنامەکە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەمساڵدا بۆ سەر بنکە مووشەکییە نهێنییەکانی ئێران کە زۆرێک لە هەمان ئەو ناوچانەیان پێکا، ئەو گومانەی لای هەندێک شیکەرەوە دروست کردووە کە رەنگە ئەو پڕۆژانە بۆ دابینکردنی ئاو و کارەبای بەردەوام بۆ "شارە مووشەکییە" ژێرزەمینییەکان بەکارهێنرابن؛ هەرچەندە رۆژنامەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم پەیوەندییە هێشتا گریمانەیەکە و نەسەلمێنراوە.

بەگوێیرەی راپۆرتەکە، نەخشەی هێرشە ئاسمانییەکان لەگەڵ نەخشەی زیاتر لە 533 بەنداوی ئێران زۆر لەیەک نزیک بوون، و حەوت شارەزای سەربازی و ئاویش بە رۆژنامەکەیان گوتووە کە دانانی کۆمەڵگە سەربازییەکان لە نزیک بەنداوەکان بۆ بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنی لۆژیکییە، لە کاتێکدا شارەزایان جەختیان کردووەتەوە، زۆرێک لەو بەنداوانە بۆ پێداویستیی گرنگی مەدەنی دروستکراون.

رۆژنامەکە وەک نموونە ئاماژەی بە ناوچەکانی یەزد و ناوچەی پارێزراوی تارۆم لە هورموزگان کردووە و پێشنیازیشی کردووە رەنگە هێرشەکان هۆکاری دەستگیرکردنی دەیان چالاکوانی ژینگە لە ساڵی 2018 لە لایەن سوپای پاسدارانەوە روون بکەنەوە، بە گومانی ئەوەی بە رێکەوت تووشی ئەو پێگە سەربازییانە بووبن. هاوکات وەزارەتەکانی دەرەوە و وزەی ئێران و سوپای پاسداران وەڵامی داواکارییەکانی رۆژنامەکەیان بۆ لێدوان نەداوەتەوە.