شاندێکی ئێران بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی جورف سەخر لە بەغدا

شاندێکی ئێران گەیشتە بەغدا، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ هێورکردنەوەی ئەو گرژییانەی لە نێوان حکوومەتی عێراق و حزبوڵڵا لەبارەی ناوچەی جورف سەخر سەریانهەڵداوە و بە مەبەستی رێگریکردن لە هەر پێکدادانێکی سەربازی.

بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیاکان شاندە ئێرانییەکە بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە حکوومییەکان، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و گرووپە چەکدارەکان سەردانی بەغدای کرد.

سەردانی ئەو شاندە دوای ئەو گرژییانە دێت کە لە کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا روویاندا، ئەوەش بەهۆی ناکۆکی لەسەر داهاتووی بوونی چەکداری لە جورف سەخر و میکانیزمی بڵاوکردنەوەی هێزەکان لەو ناوچەیەدا.

عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق سوورە لەسەر هەڵوێستەکەی بۆ کشانەوەی گرووپە چەکدارەکان لە جورف سەخر، تا دەرفەت بۆ هێزە ئەمنییە فەرمییەکان بڕەخسێت بچنە ناوچەکە و بەرپرسیارێتیی دۆسیەی ئەمنی لە ئەستۆ بگرن.

سەرکردەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی پێشنیازێکیان خستووەتە روو کە ئەرکی بڵاوکردنەوەی هێز لە ناوچەکەدا بدرێتە هێزەکانی حەشدی شەعبی، بەتایبەت ئەو لیوایانەی سەر بە عەتبەکانن و لە مەرجەعییەتەوە نزیکن؛ ئەمەش وەک دەرچەیەک بۆ قەیرانەکە و بەدووربوون لە پێکدادانی نێوان هێزەکانی حکوومەت و گرووپە چەکدارەکان.

سەرچاوەکان ئاشکرایانکرد، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پێشنیازی کشانەوەی حزبوڵڵایان لە جورف سەخر و جێگیرکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبییان کردووە.

باسم بەدری، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە لێدوانێکی میدیاییدا جەختیکردەوە، ئەو گرووپە چەکدارانەی رەتی دەکەنەوە بچنە ناو پلانی حکوومەت بۆ ئەوەی چەک تەنیا بەدەست دەوڵەتەوە بێت، بوونیان لەناو دەستەی حەشدی شەعبیدا نابێت.

سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی روونیکردەوە، قۆناخی دووەمی پلانی چەککردن، رێکخستنەوەی بڵاوکردنەوەی گرووپە چەکدارەکان لەو ناوچانە دەگرێتەوە کە تێیدا بوونیان هەیە، لەوانەش جورف سەخر، هاوکات لەگەڵ چڕکردنەوەی بڵاوکردنەوەی سوپا و هێزە ئەمنییە ناوەندییەکان، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەت بۆ سەپاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر دۆسیەی ئەمنیدا.

دۆسیەی جورف سەخر بەهۆی ئەو رێکارانەی ئامانجیان سەپاندنی چاودێرییەکی ئەمنیی فراوانترە بەسەر ناوچەکەدا، گرژییەکانی نێوان حکوومەت و بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی بەخۆوە بینیوە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بە ناکۆکییەکانی نێوان سەرۆکوەزیران و حزبوڵڵا کردبوو کە پەیوەندییان بە تۆمەتی قاچاخچێتیی نەوتەوە هەبووە لە ناوچەکەدا.

قەیرانی ئێستا لەسەر داوای حکوومەتی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی سەربەخۆی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکە و بڵاوکردنەوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکان دەسوڕێتەوە لە چوارچێوەی پلانی چەککردنی دەوڵەتدا، بەڵام ناڕەزایەتیی گرووپە چەکدارەکان و بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، نیگەرانیی دروستبوونی پێکدادانی ناوخۆیی لێکەوتووەتەوە.