رەشنووسی بودجەی 2027 باجی نوێ شەپۆلێکی تووڕەیی لە عێراق دروست دەکات

سەپاندنی باجی نوێ لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027، شەپۆلێکی تووڕەیی و نیگەرانیی لەسەر شەقامی عێراق دروست کردووە.

ئەم بارگرانییە داراییە لە کاتێکدا رووبەڕووی هاووڵاتییان دەبێتەوە، کە بەردەوامیی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، داهاتی تاکەکەسی بە رادەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە. ئێستا هاووڵاتییان لەوە دەترسن باجە نوێیەکان، کە زۆربەی پێداویستییەکانی ژیانی رۆژانە و سەرجەم چین و توێژەکان دەگرنەوە، ببنە بارێکی قورستر لەسەر شانیان و شەپۆلێکی نوێی گرانی لە بازاڕەکاندا دروست بکەن.

هاوکێشەی بژێوی لە عێراق گەیشتووەتە قۆناخێکی دژوار؛ لە کاتێکدا توانای دارایی هاووڵاتییان بەهۆی بێبەهابوونی دراوی نیشتمانییەوە لاواز بووە، دەبێت باجی کەموکوڕییە داراییەکانی دەسەڵاتیش بدەن. ئەم دۆخە مەترسیی ئەوەی دروست کردووە کە گوشارە ئابوورییەکان لەبری هێورکردنەوەی قەیرانەکان، ببنە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی فراوانتر.

مەهدی غەریب، هاووڵاتییەکی عێراقییە و بە کوردستان24ـی راگەیاند: "زیادکردنی داهات نابێت لەسەر گیرفانی هاووڵاتی بێت، بەڵکو بە پشتنەبەستن بە نەوت و دوورکەوتنەوە لە ئابووریی تاکسەرچاوە دەبێت، هەروەها بە هەمەچەشنکردنی داهات، کردنەوەی دەروازەکان و هەناردەکردنی گازی ناوچەکانی رۆژئاوا دەکرێت، ئەوە پێی دەگوترێت زیادکردنی داهات نەک ماندووکردنی هاووڵاتی."

هاوکات زولفەقار خزەیر، هاووڵاتییەکی دیکەیە و دەڵێت: "هەموو حکوومەتەکان هەمان پلاندانەری ئابوورییان هەیە و پێیان وایە هەر قەیرانێکی ئابووری دەبێت لەسەر حیسابی هاووڵاتی چارەسەر بکرێت، هەروەها لە هەر تەنگژەیەکی دارایی و ئابووریدا دەست بۆ گیرفانی هاووڵاتی دەبەن."

لەلایەکی دیکەوە، ئەو باجانە پێش پەسەندکردنی فەرمیی پڕۆژەیاسای بودجە کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. شارەزایەک ئەزموونی خۆی لە یەکێک لە چێشتخانەکان دەگێڕێتەوە و روونیکردەوە، لە هەموو جیهاندا باج لە بەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدا دەسەپێندرێت، کەچی لە عێراق تەنیا باری سەرشانی هاووڵاتی پێ قورس دەکرێت.

عەباس جبووری، توێژەر لەوبارەیەوە دەڵێت: "دوێنێ دوای نانخواردن لە چێشتخانەیەک سەرم سوڕما کاتێک بینیم بڕێک پارە خراوەتە سەر نرخەکە و گوتیان باجە. تەنانەت باجی سەر کۆمپانیاکانیش هەر هاووڵاتی دەیدات. هەموو وڵاتانی جیهان باجیان هەیە، بەڵام لە بەرامبەردا بیمەی تەندروستیشیان هەیە، کەچی لێرە کاتێک هاووڵاتی دەچێتە نەخۆشخانە، دەرمانیش نییە و باجیشی لێ وەردەگرن."

شارەزایانی ئابووری پێشبینی دەکەن ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 بەم شێوەیەی ئێستای پەسەند بکرێت، بەهۆی قەبارەی باجەکانەوە، دەبێتە قورسترین بودجە بەسەر شانی هاووڵاتییانەوە.