حەسەن مەجید: بەهۆی قاچاخچێتی نەوتەوە لێپرسینەوە لە چەند کەسێک دەکرێت
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، لێژنەیەکی فرەلایەنی حکوومەتی عێراق بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەتاڵانبردنی نەوت سەردانی کەرکووکیان کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاشکرایکرد، لێژنەکە لە زۆربەی دامودەزگاکانی حکوومەت پێکهاتووە و هاوشێوەی لێژنەی جورفولسەخر، لە کەرکووک لەگەڵ کەسانی پەیوەندیدار بەو دۆسیەیە دانیشتوون و پرسیار و بەدواداچوونیان کردووە، پاشان گەڕاونەتەوە بەغدا. بە گوتەی حەسەن مەجید، دوای گەڕانەوەی لێژنەکە بۆ بەغدا، ژمارەیەک کەس بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتە بانگهێشت کراون.
سەبارەت بە کاتی راگەیاندنی ئەنجامەکان و پێشکەشکردنی راپۆرت بە سەرۆکوەزیران، حەسەن مەجید پێیوایە بابەتەکە زنجیرەیەکە لە چەند پرسی پێکەوەبەستراو، هەر بۆیە پێشبینی ناکات ئەنجامەکان بەمزووانە بڵاوبکرێنەوە تا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان نەگەنە دەرەنجامێکی ورد و تەواو.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دۆخی سەختی هاووڵاتییانی کەرکووکی لە دەستکەوتنی سووتەمەنی خستەڕوو و گوتی: "هاووڵاتییەکی کەرکووک نزیکەی 8 تا 10 کاتژمێر چاوەڕێ دەکات بۆ دەستکەوتنی نیو بەرمیل نەوت، جگە لە قەرەباڵغیی بەنزینخانەکان بۆ وەرگرتنی چەند لیترێک بەنزین، لەکاتێکدا لەلایەکی دیکەوە نەوت بەهەدەر دەبرێت."
حەسەن مەجید ئەو دیاردەیەی بە قاچاخچێتییەکی رێکخراو وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە، پێویستە روونکردنەوە لەبارەی چۆنیەتی تێپەڕبوونی ئەو بارهەڵگرانە بەو هەموو بازگانەدا بدرێت.
سەبارەت بە بوونی داتا و ئاماری ورد لەسەر بڕی نەوتی بەتاڵانبراو، حەسەن مەجید روونیکردەوە کە وەک زانیاریی فەرمی لە دامودەزگاکانەوە هیچ ئامارێکی ورد لەبەردەستدا نییە، بەڵام دووپاتیکردەوە کە دۆسیەکە بوونی هەیە و لێژنەکەش بە زانیاری و داتای وردەوە هاتوون، هاوشێوەی لێژنەکانی پێشوو کە لە بەغداوە هاتوون و لە بازگەکاندا کەسانی تێوەگلاو لە بەرتیل و قاچاخیان دەستگیرکردووە.
لە کۆتاییدا حەسەن مەجید هیوای خواست لێکۆڵینەوەکان بگەنە دەرەنجامێکی ئومێدبەخش، چونکە خەڵکی کەرکووک بە تاسەوە چاوەڕوانی ئەنجامی کاری ئەو لێژنەیە دەکەن.