پێشمەرگە دێرینەکان: دابەشکردنی کوردستان ناپاکییە بەرامبەر خوێنی شەهیدان

لە وەڵامی ئەو هەوڵانەی داوای دابەشکردن و پارچەپارچەکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن، ژمارەیەک لە پێشمەرگە دێرینەکان و هاووڵاتییانی تێکۆشەر جەخت لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی کوردستان دەکەنەوە. 

تەها ئەحمەد، پێشمەرگەی دێرین لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، ئامانجی سەرەکیی پێشمەرگە لە هەڵگرتنی چەک، پاراستنی یەکپارچەیی خاکی کوردستان بووە نەک دابەشکردنی، بۆیە دەبێت هەموو هەوڵەکان بۆ یەکخستنی کوردستان بن. ئەحمەد جەختیکردەوە، هەر هەوڵێک بۆ پارچەکردنی کوردستان، بەبێ گوێدانە ئاراستە و حزب، کردەوەیەکی بەکرێگیراوانەیە و زیان بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان دەگەیەنێت.

تەها ئەحمەد ئاماژەی بە ئەزموونی ساڵی 1991 کرد و گوتی: کاتێک پێشمەرگە یەکگرتوو بوو، دەستکەوتی گەورە بەدەست هات و ناوچەکان بە کەرکووکیشەوە رزگار کران، بەڵام ناکۆکیی ناوخۆیی هەمیشە دەرفەتی بۆ دوژمنان رەخساندووە تا سوود لەو بۆشاییانە وەربگرن.

هاوکات ئیبراهیم دەروێش، پێشمەرگەی دێرین باسی لەوە کرد، هەوڵەکانی ئەمڕۆ بۆ دابەشکردنی کوردستان، پێشێلکردنی خەبات و خوێنی شەهیدانە. گوتیشی: پێویستە هەموو هەوڵەکان بۆ یەکخستنی هەڵوێستی کورد و پووچەڵکردنەوەی پلانی دوژمنان تەرخان بکرێن، چونکە پاراستنی دەستکەوتەکانی خەباتی رابردوو ئەرکی سەرشانی هەر تاکێکی کوردە تا بەرەو ئاسۆیەکی روون هەنگاو بنێین.

عەزیز ماویلی، پێشمەرگەی دێرین، لە بارەی بەهای قوربانیدانی گەلی کورد بۆ ئازادی و سەرفرازی رایگەیاند، بەهۆی باوەڕبوون بە دۆزی کورد و پاراستنی خاک، سەروەت و سامانی خۆمان لەدەست داوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک دابەشکردنی کوردستان قبووڵ ناکەین. ماویلی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەوڵانە لەگەڵ هیچ یاسایەکدا نایەتەوە و دژی مافەکانی نەتەوەی کوردە.

هەروەها حوسێن سلێمان، پێشمەرگەی دێرین جەختیکردەوە لە یەکپارچەیی خاکی کوردستان و گوتی، نابێت کەس بانگەشەی هەرێمگەری و دابەشکردنی کوردستان بکات، چونکە سلێمانی، هەولێر و دهۆک و تەواوی شارەکانی دیکە بەشێکی دانەبڕاون لە جەستەی کوردستان. سلێمان بە ئاماژەدان بە مێژووی بنەماڵەکەی لە خەباتی رزگاریخوازی کوردستان، دووپاتیکردەوە کە نابێت هیچ لایەنێک کار بۆ لاوازکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی بکات.