عەلی زەیدی: داوا لە هێزەکان دەکەم دان بەخۆیاندا بگرن

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامێکدا بۆ ئەو هێزانەی لە ناوچەی جورف سەخر جێگیرکراون، جەخت دەکاتەوە کە هیچ چەکێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا نامێنێت و لەوێوە قۆناخی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکی عێراقدا دەستپێدەکات.

ئەمڕۆ هەینی 20ـی تشرینی دووەمی 2026، دوای ئەوەی هێزە سەربازییەکانی عێراق چوونە نێو شارەدێی جورف سەخرەوە، عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ژووری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی عێراق گوتارێکی ئاراستەی هێزە چەکدارەکان کرد، بەتایبەتی ئەو پێکهاتە و یەکە و بەشانەی زەوییان لە ناوچەی جورف سەخر بەدەستەوەیە و ئەو ئەرک و فەرمانانەی پێیان سپێردرابوو لە سنووری بارەگای کۆنترۆڵکەر لەو ناوچەیە جێبەجێیان کردووە.

عەلی زەیدی بە هێزەکانی راگەیاند: "ئێستا قسەتان بۆ دەکەم لە کاتێکدا ئێوە قۆناخێکی گرنگ لە مێژووی عێراقدا دادەڕێژن؛ دوو راسپاردەتان دەکەم کە لەگەڵ قارەمانییەکانتان دەگونجێن، ئەوانیش (دانبەخۆداگرتن و دانایی)ـن، چونکە ئێمە شەڕ ناکەین؛ هەموو ئەوانەی لەوێن براکانتانن، هیچ دوژمنێک لە نێوانتاندا نییە و هیچ نەیارێک لە بەردەمتاندا نییە؛ ئەوان رۆڵەی ئەم نیشتمانەن و خوێنیان خوێنی ئێمەیە، ئەم قۆناخە گیانی لەخۆگرتن هەڵدەگرێت نەک پەراوێزخستن، و هەمووان لەژێر یەک ئاڵا، یەک فەرماندەیی و یەک یاسادا دەچنە نێو هێزە چەکدارەکانەوە."

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیشی کردەوە: "بڕیارمان جێگیرە کە هیچ چەکێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا نەبێت، هیچ چەکێک نییە جگە لە چەکی عێراق، هیچ بڕیارێک نییە جگە لە بڕیاری عێراق و هیچ ئاڵایەکیش لە سەرووی ئاڵای عێراقەوە بەرز نابێتەوە."

زەیدی سوپاسی گەلی عێراقیشی کرد و گوتی: "گەلی عێراق قسەی خۆی کرد و لەگەڵ دەوڵەتدا وەستایەوە بۆ پاراستنی سامانی عێراق و لەباربردنی گەندەڵی و یاخیبوون؛ لێرەوە بە ناوی ئێوەوە سوپاس و پێزانین ئاراستەی گەلی ئازای عێراق دەکەین کە پاڵپشتیی هێزە چەکدارەکانی کرد."

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە کۆتایی وتارەکەیدا دووپاتی کردەوە: "ئێوە سەلماندتان کاتێک عێراق یەکدەگرێت هیچ شتێک ناتوانێت لە بەردەمیدا بوەستێتەوە، لە جورف سەخرەوە سەرەتای سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکی عێراقدا دەستپێدەکات، بۆ ئەوەی رووبەڕووی هەر گەندەڵییەک یان چەکی بێسەروبەر ببینەوە لە وڵاتەکەماندا؛ ئەمە سەرەتای عێراقێکی یەکگرتووی بەهێز و دادپەروەرە کە دەستوور و یاسا حوکمی دەکەن."