کوڕە کوردێک بووە باشترین یاریزانی کیشوەری ئاسیا
رۆژی پێنج شەممە 19ـی نۆڤێمبەری 2026 لە شاری بانکۆکی تایلەند، بە ئامادەبوونی جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا و بەرپرسان و ئەندامانی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، رێوڕەسمی باشترینەکانی ساڵی 2026 کیشوەری ئاسیا بەڕێوەچوو و لە کۆتاییدا، کوڕە کوردێک توانی بۆ جاری یەکەم لە مێژوو خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەو کیشوەرە بباتەوە.
عەلیرەزا بیرانوەند گۆڵپارێزە کوردەکەی هەڵبژاردەی ئێران و یانەی تراکتۆرسازی ئەو وڵاتە، توانی بۆ جاری یەکەم خەڵاتی باشترین یاریزانی کیشوەری ئاسیا بباتەوە. ئەو گۆڵپارێزە کوردە لە ساڵی 2026 توانی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەشداری مۆندیال بکات و رۆڵێکی کاریگەریشی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردەکەی هەبوو.
کوڕە کوردەکە لە یاری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەرامبەر بەلجیکا لە قۆناخی یەکەمی مۆندیالی 2026، رۆلێکی کاریگەری هەبوو لەسەر ئەنجامی یارییەکە و توانی 7 دەرفەتی یاریزانانی بەرامبەر بگەڕێنێتەوە و پارێزگاری لە تۆڕی گۆڵی هەڵبژاردەکەی بکات، ئەو یارییەش بووە وەچەرخانێکی گەورە بۆ گۆڵپارێزە کوردەکە و کاریگەرییەکی زۆریشی لەسەر دیاری کردنی وەکو باشترین یاریزانی ئاسیا هەبووە.
ژیاننامەی عەلیرەزا بیرانوەند
عەلیرەزا بیرانوەند لە 21/9/1992 لە گوندی سەرابیسی سەر بە پارێزگاری لۆرستانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە و بەکالۆریۆسی لە پەروەردەی وەرزش لە زانکۆی سەما هەیە. عەلیرەزا لە بنەماڵەیەکی گەورە لەدایکبووە و یەکەم منداڵی خێزانەکەیە و چوار خوشکی هەیە بە ناوەکانی سەروەر، ئارێزۆ، سۆهێلا و نێگین. هەروەها عەلیرەزا بیرانوەند برایەکیشی هەیە بە ناوی ئەحمەدڕەزا. بنەچەی عەلیرەزا بیرانوەند دەگەڕێتەوە بۆ گوندی پۆشتێ جەزایەری لە خوڕەمابادی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە بنەماڵەیەکی عەشاییری لەدایک بووە و گەورە بووە.
بنەماڵەی بیرانوەند لە دۆخێکی دارایی باشدا نەبوون و لە خوار چینی مام ناوەند بوون، هەر ئەمەش ئەو گۆڵپارێزە کوردەی ناچار کرد واز لە خوێندن بهێنێت، لە پێناو بژێوی ژیانی ماڵباتەکەی بۆ ئەوەی یارمەتی بژێوی خێزانەکەی بدات. عەلیرەزا لە تەمەنی 15 ساڵیدا پارەی قەرز کرد کە بێتە تاران بۆ ئەوەی بگات بە خەونەکەی کە یاریزانێکی پیشەگەری تۆپی پێیە.
خۆشبەختانە هەوڵەکانی ئەم گۆڵپارێزە کوردە سوودی هەبوو و دواجار بووە گۆڵپارێزی یەکەمی یەکێک لە بەناوباگترین یانەکانی ئێران و ئاسیا کە یانەی پێرسپۆلیس بوو و دواتریش بووە گۆڵپارێزی یەکەمی هەڵبژاردەی ئێران، ئێستاش بیرانوەند هەر گۆڵپارێزی سەرەکی هەڵبژاردەی ئێرانە و لە ریزەکانی یانەی تراکتۆرسازی یاری دەکات.
An unforgettable penalty save from Alireza Beiranvand! 🇮🇷👏#FIFAWorldCup | #OTD pic.twitter.com/EDUZZ6ETUj
— FIFA World Cup (@FIFAWorldCup) June 25, 2024