رێکخراوی نێودەوڵەتی لێبوردەیی داوا لە ئەڵمانیا دەکات دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی سووریا رابگرێت

رێکخراوی نێودەوڵەتیی لێبوردەیی هۆشداری دەداتە ئەڵمانیا لە ناردنەوەی زۆرەملێی پەنابەرانی سووریا و بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانی دەزانێت؛ ئەمەش لە کاتێکدایە بەرلین لە مانگی ئەیلوولەوە پلانی هەڵوەشاندنەوەی مافی پاراستن و دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرە بێکار و گەنجە بێسەرپەرشتەکانی خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

رێکخراوی نێودەوڵەتیی لێبوردەیی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) لە راپۆرتێکدا لەبارەی دیپۆرتکردنەوە و ناردنەوەی زۆرەملێی پەنابەرانی سووریا، هۆشداریی دایە حکوومەتی ئەڵمانیا و رایگەیاند، ئەو پرۆسەیەی لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2025ـەوە دەستی پێ کردووە، پێچەوانەی پابەندییەکانی بەرلینە بە مافەکانی مرۆڤ و پرەنسیپی "نەگەڕاندنەوەی زۆرەملێ" لە یاسای نێودەوڵەتیدا پێشێل دەکات.

رێکخراوەکە جەختی لەسەر راگرتنی دەستبەجێی ناردنەوەی پەنابەرانی سووری لە ئەڵمانیاوە کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، لە کاتی گەڕانەوەیاندا ئەگەری هەیە ئەو پەنابەرانە رووبەڕووی مەترسی، ستەم و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ ببنەوە. هەروەها روونی کردووەتەوە کە پرەنسیپی نەگەڕاندنەوە، ناردنەوەی هاووڵاتییان بۆ وڵاتێک قەدەخە دەکات کە هێشتا نائارامە و مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بڕیارە لە رێکەوتی 2 تا 4ی کانوونی یەکەمی 2026، وەزیرانی ناوخۆی ویلایەتەکانی ئەڵمانیا لە شاری هامبۆرگ کۆببنەوە و چەندین پرسی گرنگ تاوتوێ بکەن، کە دیارترینیان چارەنووس و داهاتووی نزیکەی 900 هەزار پەنابەری سوورییە کە ئێستا لە ئەڵمانیا نیشتەجێن.

ئەم هۆشدارییەی نێودەوڵەتیی لێبوردەیی دوای ئەوە دێت کە لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا، راپۆرتە میدیاییەکان ئاشکرایان کرد، ئەلێکساندەر دۆبریندت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، پلانی هەیە لە رێگەی نووسینگەی فیدراڵیی کۆچ و پەنابەران مافی پاراستنی پەنابەرانی سووری هەڵبوەشێنێتەوە و بازنەی دیپۆرتکردنەوە فراوانتر بکات.

بەگوێرەی پلانەکە، بڕیارەکە بە شێوەیەکی سەرەکی ئەو گەنجە سوورییانە دەگرێتەوە کە بە تەنیا و بێ خێزانن، هەروەها ئەوانەی بێکارن و پشت بە هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکانی دەوڵەت دەبەستن، بەو پێیەی بەرلین پێی وایە دەتوانن لە سووریا بژێویی خۆیان دابین بکەن؛ لە کاتێکدا خاوەن پیشەکان، وەک پزیشک و پەرستارەکان، دەتوانن مۆڵەتی مانەوەیان بگۆڕن بۆ مۆڵەتی کارکردن.

هاوکات نووسینگەکە دەستی بە پێداچوونەوە بە دۆسیەی پاراستنی لاوەکیی سوورییەکاندا کردووە و حکوومەتی فیدراڵیش جەخت دەکاتەوە کە مافی پاراستن تەنیا بۆ ئەو کەسانە دەمێنێتەوە کە بە راستی پێویستیان پێیەتی. سەرەڕای ناردنەوەی زۆرەملێ، ئەڵمانیا هانی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەش دەدات و لە پرۆژەبودجەی فیدراڵیی ساڵی 2027ـدا بودجەی ئەو بەرنامەیەی زیاد کردووە، کە ئێستا بڕی 1000 یۆرۆ وەک هاوکاری دەدرێتە هەر کەسێکی پێگەیشتوو کە بە خواستی خۆی دەگەڕێتەوە.