لە هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی لافاو بەڕێوەچوو
لە دیوانی پارێزگای هەولێر بە بەشداری فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی مەترسیەکانی لافاو بەڕێوەچوو، لای خۆیەوە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، ئامارگیریی زیانەکانی لافاوەکەی 7ـی ئەم مانگە هێشتا تەواو نەبووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2026، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەر و نوێنەرانی فەرمانگە خزمەتگوزاری و لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە پرسی لافاو و چۆنیەتی ئامادەکارییە پێشوەختەکان کرا.
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، کۆبوونەوەکە لە دیوانی پارێزگا بەڕێوەچووە و لە سەرەتادا، تیمێک لە ئەندازیاران و شارەزایانی بوارەکە پرێزنتەیشنێکی زانستی و وردی پشتبەستوو بە داتا و نەخشەی تۆپۆگرافی پێشکەش کردووە، تێیدا تیشکیان خستووەتە سەر سەرجەم ئەو ناوچە و گەڕەکانەی کە هەستیارن و ئەگەری دروستبوونی لافاو و پەنگخواردنەوەی ئاویان لێدەکرێت، هەروەها میکانیزم و رێگەچارە زانستییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پاککردنەوەی رێڕەوە ئاوییەکان پێش هاتنی شەپۆلەکانی بارانبارین خرانەڕوو.
هەروەها ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، ئامارگیریی زیانەکانی لافاوەکەی 7ـی ئەم مانگە بەردەوامە و هەر کاتێک کارەکان تەواوبوو، کۆی گشتیی زیانەکان را دەگەیەنن.
هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی دیوانی پارێزگای هەولێر، جەخت لە پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان کراوەتەوە لەگەڵ ئەوەی سەرجەم فەرمانگەکان بە هەماهەنگییەکی تەواوەوە هەموو رێکارە پێویستەکان بگرنەبەر بۆ ئەوەی رێگری لە هەر ئەگەرێکی دیکەی نەخوازراو بکرێت.