ئیلهام ئەحمەد بووە پەرلەمانتاری سووریا
سەرۆکی سووریا بە مەرسوومێکی فەرمی، ئیلهام ئەحمەد، کەسایەتیی دیاری سیاسیی کوردی وەک ئەندامی سەربەخۆ لە پەرلەمانی سووریا دەستنیشان کرد، بەمەش ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانەکە بۆ 206 ئەندام بەرز بووەوە.
پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی ئەو نووسراوە فەرمییەی کە واژووی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کۆماری عەرەبیی سووریای لەسەرە و ئەمڕۆ بڵاو کراوەتەوە، بڕیار دراوە بە دەستنیشانکردنی خاتوو ئیلهام حەنان ئەحمەد وەک ئەندام لە ئەنجوومەنی گەل (پەرلەمانی سووریا).
مەرسوومەکە ژمارە (200)ـی ساڵی 2026ـی هەڵگرتووە و لە دوو ماددە پێکهاتووە؛ هەرچەندە مێژووی دەرچوونی لەسەر نووسراوەکە 5ـی تشرینی دووەمی 2026 (25ـی جومادەلئولای 1448ـی کۆچی)ـیە، بەڵام ئەمڕۆ بە فەرمی لە میدیاکان و دامەزراوە فەرمییەکانی سووریادا بڵاو کرایەوە.
ناوەڕۆکی مەرسوومەکە: لە دەقی مەرسوومەکەدا هاتووە، بڕیارەکە بە پشتبەستن بە حوکمەکانی راگەیاندنی دەستووری و مەرسوومی ژمارە (143)ـی ساڵی 2025 دەرچووە:
- ماددەی (1): خاتوو ئیلهام حەنان ئەحمەد وەک ئەندام لە ئەنجوومەنی گەل دەستنیشان دەکرێت.
- ماددەی (2): ئەم مەرسوومە لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاو دەکرێتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی ئاگادار دەکرێنەوە.
بەپێی راگەیاندنی فەرمیی دیمەشق، دەستنیشانکردنی ئیلهام ئەحمەد بۆ پڕکردنەوەی کورسییەکی بەتاڵی ئەندامانی سەربەخۆیە لە پەرلەمان، بەم هەنگاوەش کۆی گشتیی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەلی سووریا لە 205 ئەندامەوە بۆ 206 ئەندام زیاد بوو.
بەگوێرەی ماددەی 24ـی راگەیاندنی دەستووری و ماددەی 45ـی مەرسوومی ژمارە 143، لە کاتی چۆڵبوونی کورسیی هەر ئەندامێکی هەڵبژێردراو یان دەستنیشانکراودا، سەرۆککۆمار جێگرەوەی بۆ دیاری دەکات.
ئیلهام ئەحمەد، کەسایەتییەکی سیاسی کوردی رۆژئاوای کوردستانە و یەکێک بوو لە دیارترین کەسایەتییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا.
لە 28ی کانوونی یەکەمی 1963 لە شاری عەفرین لە دایکبووە. سەرەتای ژیان و چالاکی سیاسی لە دەیەی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو دەستیپێکردووە .
خوێندنی ئەدەبی عەرەبی لە زانکۆی حەلەب تەواو کردووە.
لە18ی تەممووزی 2018 تا تێکەڵبوونەوەی هێزەکانی هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ دەوڵەتی سووریا، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکە بووە.