پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان زمانی هەڕەشە و سەربازی لەلایەن بەغداوە رەت دەکەنەوە
پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، نیگەرانی و سەرسووڕمانی قووڵی خۆیان بەرامبەر لێدوانەکانی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەردەبڕن و بە تەواوی زمانی سەربازی، هەڕەشە و هەر بڕیارێکی دەرەوەی دەستوور رەت دەکەنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2026، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، دوای کۆبوونەوەی راوێژکاری لەسەر دوایین پێشهاتەکان بە ئامادەبوونی نوێنەرانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان، بەیاننامەی هاوبەشی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانی راگەیاند.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "وەک پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی هەرێمی کوردستان، بە نیگەرانی و سەرسووڕمانێکی قووڵەوە دەڕوانینە دوایین لێدوانی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بەتایبەت لە کاتێکدا کەناڵەکانی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کراوەن."
پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی فەرمیی خۆیان لەم چوار خاڵەدا خستووەتە روو:
1- بە تەواوی زمانی سەربازی، هەڕەشە و هێرشکردن رەت دەکەینەوە؛ چونکە ئەم شێوازە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە و خزمەت بە ئاشتی و سەقامگیریی وڵات ناکات.
2-هەر بڕیار و هەنگاوێک کە لە دەرەوەی دەستوور بێت رەت دەکەینەوە و جەخت دەکەینەوە کە پێویستە دەستوور حاکم و یەکلاکەرەوەی سەرجەم کێشەکان بێت.
3-بونیادنانی عێراقێکی سەقامگیر بۆ هەموو پێکهاتەکان، پێویستی بە پابەندبوون بە دەستوور، بنەماکانی هاوبەشیی راستەقینە و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان هەیە.
4-دژی هەر جۆرە گرژی و ئاڵنگارییەک دەوەستینەوە کە ببێتە هۆی تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و کولتووری پێکەوەژیان.
لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا جەخت لەوە کراوەتەوە: "لەم قۆناخە هەستیارەدا، یەکڕیزیی هەرێمی کوردستان و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی لەلایەن هەموو پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکانەوە، بە تاکە رێگەی تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان دەزانین."