تۆمارە پێوانەییەکەی 2023 شکا؛ گەرمای رووی زەوی گەیشتە بەرزترین ئاست
بە پێی نوێترین داتا زانستییەکان، بۆ یەکەم جار تێکڕای پلەی گەرمای جیهان بۆ ماوەی شەش رۆژی لەسەریەک بەربەستی دوو پلەی سیلیزیی لە سەرووی ئاستەکانی پێش شۆڕشی پیشەسازییەوە تێپەڕاند و ڕۆژی دووشەممە ریکۆردێکی مێژوویی بە 2.24 پلەی سیلیزی تۆمار کرد.
بە پێی نوێترین داتا زانستییەکان، بۆ یەکەم جار تێکڕای پلەی گەرمای جیهان بۆ ماوەی شەش رۆژی لەسەریەک بەربەستی دوو پلەی سیلیزیی لە سەرووی ئاستەکانی پێش شۆڕشی پیشەسازییەوە تێپەڕاند، ئەمەش نیگەرانییەکانی لە بارەی خێرابوونی رەوتی گەرمبوونی گۆی زەوی زیاتر کردووە.
بە گوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکان، رۆژی دووشەممەی رابردوو تێکڕای پلەی گەرمای رۆژانەی رووی زەوی ئاستێکی بێپێشینەی تۆمار کردووە و گەیشتووەتە 2.24 پلەی سیلیزی لە سەرووی ئاستەکانی پێش شۆڕشی پیشەسازییەوە، کە بە بەرزترین ئاستی رۆژانە دادەنرێت تا ئێستا رووی دابێت، هاوکات پێشبینی دەکرێت ئەم بەرزبوونەوەیە لانیکەم چەند رۆژێکی دیکەش بەردەوام بێت.
شارەزایانی بواری کەشوهەوا ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم شەپۆلە بێپێشینەیە، کە هێشتا بەردەوامە، بەرچاوڕوونییەک دەدات لەبارەی ئەوەی کە ئەگەر دەردراوەکانی سووتەمەنیی بەردینی بە خێرایی کەم نەکرێنەوە، جیهان رووبەڕووی چی دەبێتەوە. هەرچەندە شارەزایان روونی دەکەنەوە، کە ماوەی ئەم شەپۆلە کورتە و بە مانای تێپەڕاندنی ئامانجەکەی رێککەوتنی پاریس نایەت، بەڵام ترس و نیگەرانییەکان لەبارەی خێرابوونی گەرمبوونی جیهانی زیاتر دەکات.
لەم چوارچێوەیەدا، سامانسا بۆرگێس، بەرپرسی ستراتیژیی پرسەکانی کەشوهەوا لە خزمەتگوزاریی کۆپەرنیکۆس بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، رایگەیاند: ئەوەی روو دەدات لادانێکی نائاسایـیە لە پلەی گەرمای جیهاندا و ئاماژەی بەوە دا کە جیهان چەندین مانگە لەسەریەک پلەی گەرمای پێوانەیی بەخۆیەوە دەبینێت.
باسی لەوەش کرد، پێشتریش پلەی گەرمای رۆژانە تەنیا لە دوو قۆناخدا، لە تشرینی دووەمی 2023 و شوباتی 2024ـدا بەربەستی دوو پلەی سیلیزیی تێپەڕاندبوو، بەڵام نە بەم شێوەیە درێژەی کێشابوو و نە گەیشتبووە ئەم ئاستەی ئێستا.
لە لایەکی دیکەوە، زیک هاوسفازەر، توێژەری کاروباری کەشوهەوا لە دامەزراوەی بێرکلی ئێرس، دووپاتی کردەوە، ژمارە پێوانەییەکەی پێشوو، کە 2.05 پلەی سیلیزی بوو لە سەرووی هێڵی بنەڕەتیی ماوەی 1850-1900 و لە ساڵی 2023ـدا تۆمار کرابوو، تێپەڕێنراوە.
توێژەران هۆکاری ئەم هەڵکشانەی پلەی گەرما دەگەڕێننەوە بۆ گەرمبوونی جیهانیی درێژمەودا کە لە ئەنجامی سووتاندنی سووتەمەنیی بەردینییەوە دروست بووە، هاوشانی دیاردەی بەهێزی 'ئێل نینیۆ' کە لە لووتکەی خۆی نزیک دەبێتەوە.
لەم بارەیەشەوە سامانسا بۆرگێس ئاماژەی بەوە دا، دوایین جار دیاردەیەک بەم قەبارەیە تۆمار کرابێت، دەگەڕێتەوە بۆ حەفتاکانی سەدەی نۆزدەیەم، کاتێک بووە هۆی قاتوقڕییەکی بەرفراوان کە گیانلەدەستدانی نزیکەی 50 ملیۆن کەسی لێ کەوتەوە.