عێراقچی ئامادەیی تاران بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی کوەیت دەردەبڕێت
وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەو رووداوەی کوەیتی بە گوماناوی وەسف کرد و رایگەیاند: وا دەردەکەوێت وەک پلانداڕشتنێکی پێشوەختە بێت بۆ شەڕ؛ هاوکات ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ کوەیت و ئیتاڵیا بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی راگەیاند.
پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیەتی: ئەوەی لە کوەیت روویدا گوماناوییە و وا دەردەکەوێت وەک پلانداڕشتنێکی پێشوەختە بێت بۆ شەڕ.
هەروەها روونی کردەوە، لە رێگەی تەلەفۆنەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی هاوتا ئیتاڵی و کوەیتییەکەی کردووە بەهۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی ئیتاڵی لە کوەیت.
هاوکات عێراقچی، ئاماژەی بە ئامادەیی ئێرانیش کرد بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ هەردوو وڵاتدا بۆ ئاشکراکردنی وردەکاری رووداوەکە و دیاریکردنی هۆکارەکانی.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سعوود عەبدولعەزیز عەتوان، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوەیت رایگەیاندبوو، هێزە چەکدارەکان ژمارەیەک درۆنی ئێرانیان لە ئاسمانی کوەیت بینیوە و رێوشوێنی پێویستیان بەرامبەر گرتووەتەبەر و بەرپەرچیان داونەتەوە.
ئاماژەی بەوە کردبوو، بەهۆی هێرشەکەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی کوەیتی، ئیتاڵی و پاکستانی بریندار بوون.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، دوو هاووڵاتی ئیتاڵی لە کوەیت، بەهۆی تەقینەوەی درۆنێکی ئێرانی گیانیان لەدەستدا.