زیاتر لە 800 هەزار هاووڵاتی ئەمریکی جەژنی سوپاسگوزارییان بێ کارەبا بەڕێکرد

زریانێکی بەهێز لە کەناراوێکەوە بۆ کەناراوێکی دیکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای گرتووەتەوە و بەهۆیەوە لە جەژنی سوپاسگوزاریی ئەمساڵدا کارەبای زیاتر لە 836 هەزار هاووڵاتی بڕاوە و چەندین بۆنە و چالاکیی ساڵانەش دواخراون.

تۆڕی هەواڵیی "فۆکس نیوز"ی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، زریانێکی بەهێز کە باهۆزی وێرانکەر، بارانی بەخوڕ و لافاوی کەناراوەکانی لەگەڵدایە، وڵاتەکەی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی بڕانی کارەبای زیاتر لە 836 هەزار ئەمریکی.

بەگوێرەی زانیارییەکانی فۆکس نیوز، تەنیا پێنج ویلایەتی ئەمریکا نزیکەی 87%ی کۆی گشتیی بڕانی کارەبایان لەسەر ئاستی وڵاتەکە بەرکەوتووە و هەریەک لە ویلایەتەکانی ڤێرجینیا، ماریلاند و پێنسلڤانیا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، هاوکات باهۆزێکی بەهێز کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی گرتووەتەوە.

تۆڕە هەواڵییەکە روونیشیکردەوە، زریانەکە بووەتە هۆی دواخستنی رێوڕەسم و کەرنەڤاڵی ساڵانەی جەژنی سوپاسگوزاری کە لەلایەن کۆگاکانی "ماسی"یەوە رێکدەخرێت.

لەلایەکی دیکەوە، شاری ناشڤیل بۆ یەکەمجار لە ماوەی 76 ساڵی رابردوودا، بەفربارینێکی بەرچاوی لە جەژنی سوپاسگوزاریدا بەخۆیەوە بینی، هەروەها زریانەکە بووەتە هۆی هەڵکردنی بایەکی بەهێز کە خێراییەکەی گەیشتووەتە 130 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بە درێژایی کەناراوەکانی نیوجێرسی.

جەژنی سوپاسگوزاری (Thanksgiving) یەکێکە لە بۆنە نیشتمانی و کۆمەڵایەتییە گرنگەکان کە ساڵانە بەتایبەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چوارەم پێنجشەممەی مانگی تشرینی دووەم و لە کەنەدا لە دووەم دووشەممەی مانگی تشرینی یەکەمدا بەڕێوەدەچێت. ئەم بۆنەیە لە بنەڕەتدا وەک رۆژێک بۆ دەربڕینی سوپاس و ستایش بۆ بەروبووم و نیعمەتەکانی ساڵ دەستیپێکردووە، بەڵام ئەمڕۆ بووەتە هێمایەک بۆ کۆبوونەوەی خێزان و دۆستان لە دەوری یەک خوانی گەورە کە تێیدا خواردنی نەریتی وەک قەلی برژاو پێشکەش دەکرێت، هاوکات دەرفەتێکیشە بۆ پشوودان، گەشتکردن و چالاکیی خێرخوازی و بەخشندەیی.