هەینی رەش لە هەرێمی کوردستان و جیهان چۆن بەڕێوەدەچێت؟

ئەمڕۆ هەینی، 27ـی تشرینی دووەمی 2026، هاوکاتە لەگەڵ هەینی رەش یان (بلاک فڕایدەی) کە دەکەوێتە کۆتا هەینی مانگی تشرینی دووەم، بەم بۆنەیەوە لە سەرتاسەری جیهان و هەرێمی کوردستانیشدا زۆرجار داشکاندنی تایبەت لە نرخەکاندا دەکرێت.

لەوبارەیەوە ساڵح برهان، دووکاندار و بریکاری فرۆشتنی کەلوپەلی ئەلیکترۆنی لە هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ ئەمساڵ داشکاندنی تەواو لە سەرجەم کەلوپەلەکان کراوە و لە لاپتۆپ و تەواوی کەلوپەلە ئەلیکترۆنییەکاندا رێژەی داشکاندنەکە لە 25% تاوەکو 85%ـە، کە زیاتر لە هەزار بەرهەم دەگرێتەوە.

ساڵح برهان ئاماژەی بەوە دا کە سەرجەم داشکاندنەکان راستەقینەن و گوتی: "ماوەی نۆ ساڵە لەسەریەک و بە شێوەیەکی بەردەوام ئەم داشکاندنە دەکەین؛ هاووڵاتییان لە دوێنێ پێنجشەممەوە نۆرە و ناویان نووسیوە و تەنانەت لە ساڵانی رابردوودا لە شارەکانی دیکەی عێراقیشەوە سەردانمان کراوە".

ناوبراو باسی لەوەش کرد، بەهۆی داشکاندنەکانەوە خەڵکێکی زۆر سوودمەند دەبێت، بەتایبەت ئەوانەی بەکارهێنەری کەلوپەلی ئەلیکترۆنیاتن.

لە هەرێمی کوردستانیش بەشێک لە دووکان و شوێنە بازرگانییەکان لە هەینی رەشدا داشکاندن رادەگەیەنن، هاوکات لیژنەکانی چاودێریی بازاڕ چاودێرییان دەکەن، بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی نرخەکان قۆرخ ناکرێن و داشکاندنەکان ساختە و ناڕاستەقینە نین.

هەینی رەش (Black Friday) چییە؟

هەینی رەش بریتییە لە رۆژێکی جیهانیی بازاڕکردن و داشکاندنی گەورە، کە تێیدا فرۆشگا، مۆڵ، کۆمپانیا گەورەکانی جیهان و فرۆشگا ئۆنلاینەکان داشکاندنی بەرچاو لە نرخی کاڵاکانیاندا دەکەن.

ئەم رۆژە هەموو ساڵێک دەکەوێتە رۆژی دوای "جەژنی سوپاسگوزاری" (Thanksgiving) لە ئەمریکا، کە دەکاتە دوایین هەینی مانگی تشرینی دووەم (مانگی 11). لەم رۆژەوە وەرزی بازاڕکردن بۆ پشووەکانی کۆتایی ساڵ و سەری ساڵ دەست پێ دەکات.

بۆچی ناونراوە "هەینی رەش"؟

 - قەرەباڵغی و جەنجاڵی (بنەما مێژووییەکە): لە ساڵانی 1950ـکاندا پۆلیسی شاری  فیلادێلفیای ئەمریکا ئەم ناوەیان بەکاردەهێنا بۆ وەسفکردنی ئەو قەرەباڵغی و  ترافیکە زۆرەی رۆژی دوای جەژنی سوپاسگوزاری لە شەقام و ناو بازاڕەکاندا دروست  دەبوو، کە کارێکی قورس و پڕ کێشە بوو بۆ پۆلیس.

 - قازانجکردنی فرۆشگاکان (تێڕوانینی ژمێریاری): لە کۆندا ژمێریارەکان لە  دەفتەرەکانیاندا زیانیان بە قەڵەمی سوور و قازانجیان بە قەڵەمی رەش تۆمار  دەکرد. دواتر بازرگانەکان ناوەکەیان بەوە لێکدایەوە کە لەم رۆژەدا بەهۆی فرۆشی زۆرەوە، فرۆشگاکان لە زیانەوە (سوور) دەچنە قازانجەوە (رەش).