نووری مالیکی: هەرێمی کوردستان هەرێمێکی یاسایی و دەستووری چەسپاوە
ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوەی ئیسلامی رایگەیاند، هیچ مەترسییەک لە رووی دەستوورییەوە لەسەر هەرێمی کوردستان نییە و هیچ نیازێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی فیدراڵی لە ئارادا نییە.
یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026، نووری مالیکی، ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوەی ئیسلامی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئافاق گوتی: لە پێش رووخانی رژێمی پێشووەوە تا نووسینەوەی دەستوور و ئێستاش چاودێریی هەرێمی کوردستانی کردووە و هەرێم لە دەستووردا چەسپێندراوە.
مالیکی رایگەیاند، هیچ نیازێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی فیدراڵی نییە، هەوڵی چاکسازیکردن لە سیستەمی فیدراڵی دەدەین.
ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوە دووپاتیشی کردەوە کە دەستوور زامنی بنەڕەتیی بەردەوامبوونی سیستەمی فیدراڵییە و گۆڕینی سیستەمی فیدراڵی تەنیا لە رێگەی راپرسییەوە دەبێت.
گوتی، تاکە چارەسەر کە پەیوەندییەکە ڕێک دەخات تەواوکردنی پرۆسەی یاسادانانی یاسای نەوت و گازە؛ باسی لەوەش کرد کە لە شوباتی 2007دا ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژەیاسای نەوت و گازی پەسەند کرد و ناردییە ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڵام بە هۆی ناکۆکییەکانەوە تا ئێستا لە پەرلەمان تێپەڕێنراو نییە.
مالیکی باسی لەوەش کرد، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بەگوێرەی ڕێژەی دانیشتووان دیاری دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چەند رۆژی رابردوودا گرژیی تێ کەوتووە، لە دوای بڕیارەکانی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لەبارەی کێڵگە نەوتییەکان، دەروازە سنوورییەکان و راگرتنی کاتیی بەشە بەرهەمە نەوتییەکانی کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی سنووری دەسەڵاتی هەرێم و بڵاوەپێکردنی هێزە فیدراڵییەکان لە سنوورەکاندا.
لە بەرامبەردا سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم و هەردوو پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیارە تاکلایەنەکان و زمانی سەربازییان رەت کردەوە و داوای پابەندبوون بە دەستووریان کرد.
هاوکات رۆژی پێنجشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2026 هەزاران هاووڵاتی لە بەردەم قەڵای هەولێر بۆ پشتگیریکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانیان کرد و ئامادەییش نیشان دراوە بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆ نیشتمانییەکەی 1ـی کانوونی یەکەم بە سەرپەرشتیی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق.