ڕاستەوخۆ

بەهای دینار هاڕەی کرد

دۆلار بەرزبووەوە

هاوبەشکراوە

سەرۆکی ئەنجوومەنی بۆرسەی هەولێر: ئەم شڵەژانە کاتییە

سابیر باواجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی بۆرسەی هەولێر بۆ کوردستان24: ئەم شڵەژانە کاتییە و بەماوەیەکی کورت دۆخی بازاڕ ئارام دەبێتەوە و جیاوازییەکەش تەنیا 8 هەزار دەبێت.
 

 

خاڵە سەرەکییەکان

ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان ناڕەزایی دژی بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق دەردەبڕن هەموو ببینە

پارێزگاری سلێمانی بۆ کوردستان24: چاودێری نرخەکانی بازاڕ دەکەین هەموو ببینە

قایمقامی هەولێر: کاڵای پێشتر کڕدراو گران ناکرێت هەموو ببینە

گوتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر: ئەگەر نەوت دابەزێت عێراق دیسان دەستکاریی دۆلار دەکاتەوە هەموو ببینە

بانکی ناوەندیی عێراق بەهای فەرمی دۆلاری بەرامبەر بە دینار دیاریکرد هەموو ببینە

نوێبوونەوەی ئۆتۆماتیکی

دووکاندارێکی بەغدا: بەهۆی گرانبوونی دۆلار بازاڕ وەستاوە

دووکاندارێک لە بەغدا: بەهۆی گرانبوونی دۆلار بازاڕ بەتەواوی وەستاوە و وێرانە
 

 

 

پارێزگاری سلێمانی بۆ کوردستان24: چاودێری نرخەکانی بازاڕ دەکەین

ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، لێژنە تایبەتمەندەکانی قایمقامیەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەشێوەیەکی بەردەوام و مەیدانی چاودێریی جموجۆڵ و نرخەکانی بازاڕ دەکەن.

پارێزگاری سلێمانی جەختی لەوە کردەوە، کارەکانیان بە ئامانجی پاراستنی مافی بەکاربەرە و بە هیچ شێوەیەک رێگە بە بەرزکردنەوەی نایاسایی و ناپاساوی نرخی کاڵاکان نادەن.

پارێزگاری سلێمانی هۆشداری دا و ئاشکرای کرد، تیم و لێژنەکانیان بە وردی چاودێریی دۆخی بازاڕ دەکەن و لە ئەگەری سەرپێچیدا، رێگە نادەن هیچ کەس و لایەنێک دۆخەکە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆی بقۆزێتەوە و رێکاری یاسایی توند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.

 
 

"بازرگان و دۆلارفرۆشەکان بازاڕیان شێواندووە"

پەیامنێرمان ئارام بەختیار لە بازاڕی دراوی سلێمانییە و دەڵێت، بازرگان و دۆلارفرۆشەکان بازاڕیان شێواندووە، تەنانەت ئەو شاشانەیان کوژاندبووەوە کە نرخەکانی لەسەرە.
 

 

سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکان: گرانبوونی دۆلار باری سەرشانی هاووڵاتییان قورستر دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لە بڕیاری حکوومەتی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرانبەر بە دیناری عێراقی کرد. 

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاری دا نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بگۆڕێت و نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێک بۆ هاووڵاتییان بە 1520 دینار دیاریبکات و لە ئەمڕۆوە کاری پێدەکرێت. 

سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکان گوتی، "ئەم بڕیارە زۆر لەناکاو بوو، دەبووایە پێشتر بازرگانان و هاووڵاتییان ئاگادار بکرێنەوە. بڕیارەکە بەبێ لەبەرچاوگرتنی رەوشی بازاڕ و گوزەرانی هاووڵاتییان دراوە و راستەوخۆ دەبێتە هۆی گرانبوونی ئەو کاڵایانەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێن."

ئاماژەی بەوەش دا، بەشێکی زۆر لە بازرگانان لە چەند رۆژی رابردوودا حەواڵەیان کردووە و ئەم گۆڕانکارییە کوتوپڕە زیانی گەورەیان پێدەگەیەنێت. بۆیە داوا لە حکوومەتی فیدراڵی و بانکی ناوەندی دەکەن، پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکەن و ئەگەر بڕیارە جێبەجێش بکرێت، با بە شێوەیەکی پلەبەندی بێت نەک بە یەکجار، بۆ ئەوەی بازاڕ تووشی شۆک نەکات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گەیلان حاجی سەعید جەختی لە پرەنسیپی یەکسانی کردەوە و رایگەیاند، "ئەگەر ئەم نرخە نوێیە جێگیر بوو، دەبێت بانکی ناوەندی بە یەکسانی دۆلار بەسەر سەرجەم بازرگانانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا دابەش بکات، بۆ ئەوەی بازرگانانی ئێمە بێبەش نەبن لە کڕینی دۆلار و جیاوازیی نرخی بانکی ناوەندی و بازاڕی ئازاد کاریگەریی خراپتر لەسەر هەرێمی کوردستان دروست نەکات."

لە کۆتاییدا، سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی بازرگانانی ناوخۆ کرد و داوای لێکردن وەک ئەرکێکی نیشتمانی و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی، نرخی ئەو کاڵایانە بەرز نەکەنەوە کە پێشتر و بە نرخی کۆن هاوردەیان کردووە، تاوەکوو باری سەرشانی هاووڵاتییان لەم دۆخەدا قورستر نەبێت.

 

گوتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر: ئەگەر نەوت دابەزێت عێراق دیسان دەستکاریی دۆلار دەکاتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 07ـی تشرینی یەکەمی 2026، کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر سەبارەت بە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی لەناکاوی بەهای دۆلار و گەیشتنی بە سەرووی 170 هەزار دینار، بۆ کوردستان24، گوتی، "ئەمە شتێکی کوتوپڕ بوو، حکوومەتی عێراق تەنیا بە ماوەی یەک هەفتە بڕیاری دا بەهای دۆلار بەرزبکاتەوە، خەڵک چاوەڕوانی ئەوە نەبوو یەکسەر بەهاکە بگاتە ئەو ئاستە، بەڵکوو پێیان وابوو ئەگەر بگاتە 150 هەزاریش، حکوومەت دایدەبەزێنێتەوە."

بە گوتەی کەیفی خۆشناو، لە ئێستادا بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕدا بە 168 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت. ئاماژەی بەوەش دا، "دەبووایە حکوومەتی عێراق چوار بۆ شەش مانگ پێشتر رایگەیاندبا بەنیازین لە بودجەی ساڵی 2027 بەهای دۆلار بەرزبکەینەوە، بۆ ئەوەی خەڵک ئامادەکاریی خۆی بکردایە، بەڵام ئێستا زەرەرمەندی یەکەم هاووڵاتییە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کەیفی خۆشناو تیشکی خستە سەر پەیوەندیی نێوان نرخی نەوت و بەهای دۆلار و ئەوەی خستەڕوو، داهاتی عێراق تەنیا پشت بە نەوت دەبەستێت. روونیکردەوە، "کورتهێنانی بودجەی عێراق ئێستا 64 ترلیۆن دینارە، بەڵام ئەگەر دۆلار بکرێتە 150 هەزار دینار، کورتهێنانەکە دادەبەزێت بۆ 43 ترلیۆن دینار. حکوومەت نرخی نەوتی بە 58 دۆلار خەمڵاندووە، ئەگەر نرخی نەوت بۆ 40 دۆلار دابەزێت، دەبێت عێراق دیسان دەستکاریی دۆلار بکاتەوە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان، بەڵام ناکرێت هەموو رۆژێک خەڵک فێڵی لێبکرێت و زەرەرمەند بێت."

 
بۆ زانیاریی زیاتر، کرتە بکە

"بازرگان هەبووە بە 5 دەقە 20 دەفتەر دۆلار زەرەری کردووە"

دۆلارفرۆشێک بە کوردستان24ـی راگەیاند، کەس هەبووە بە 5 دەقە زیاتر لە 200 هەزار دۆلاری زەرەر کردووە.
 

 

 

گوتەبێژی بازاڕی بۆرسەی ھەولێر داوایەک لە هاووڵاتییان دەکات

گوتەبێژی بازاڕی بۆرسەی ھەولێر روودەکاتە هاووڵاتییان و دەڵێت، "مامەڵەی هەوایی مەکە، ئێستا زۆربووە و خەڵکێکی زۆریش زەرەری کردووە"
 

 

قایمقامی هەولێر بۆ کوردستان24: رێگە نادەین نرخی کاڵاکان بەرز بکرێتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 07ـی تشرینی یەکەمی 2026، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، رایگەیاند، هەموو لیژنەکانیان بۆ چاودێریکردنی بازاڕ راسپاردووە و بە توندی رێگری دەکەن لە بەرزکردنەوەی نرخی ئەو کاڵایانەی پێشتر کڕدراون.

قایمقامی هەولێر روونیکردەوە، "هەر بازرگانێک تاوەکو دوێنێ کاڵا و پێداویستی کڕیبێت، بۆی نییە نرخەکەی بەسەر هاووڵاتییاندا زیاد بکات، بەڵام ئەو کاڵایانەی ئەمڕۆ چوارشەممە کڕدراون، بە نرخی نوێ مامەڵەیان پێوە دەکرێت." ئاماژەی بەوەش دا، لە ئەمڕۆوە لیژنەکانیان سەردانی بازاڕ و فرۆشگاکان دەکەن و بە وردی پشکنین بۆ بەڵگەی کڕینی کاڵاکان دەکەن.

سەبارەت بە کاریگەرییەکانی بڕیارەکەی بانکی ناوەندی، نەبەز عەبدولحەمید، گوتی، "ئەو بڕیارە زیان بە ژیانی هەموو هاووڵاتییان دەگەیەنێت و هۆکارێکە بۆ گرانبوونی کاڵاکان، بەڵام ئێمە لە قایمقامییەت هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ، تاوەکو هیچ لایەنێک ئەم دۆخە لەسەر شانی هاووڵاتییان نەقۆزێتەوە."

 
 

دۆلارفرۆشێک: زەرەرێکی زۆرمان کرد

دۆلارفرۆشێک: بڕیاربوو ساڵی نوێ نرخی دۆلار بە 150 هەزار دینار جێگیر بکرێت، بەڵام ئەمڕۆ جێگیرکرا و زەرەرێکی زۆرمان کرد.
 

 

گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر: زەرەرمەندی یەکەم هاووڵاتییە

کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئێستا حالییەن 100 دۆلار بە 168000 دیناری عێراقییە؛ دەبووایە حکومەتی عێراقی 4-6 مانگ پێش ئێستا رایگەیاندبا، بەنیازین لە بودجەی ساڵی 2027 بەهای دۆلار بەرزدەکەینەوە، بۆ ئەوەی خەڵک ئیحتیاتی خۆی وەربگرتبایە. یەعنی زەرەرمەندی یەکەم هاووڵاتیی عێراقییە."