گوتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر: ئەگەر نەوت دابەزێت عێراق دیسان دەستکاریی دۆلار دەکاتەوە

کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر
کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر

گوتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر رایدەگەیەنێت، بەرزبوونەوەی کوتوپڕی بەهای دۆلار بەهۆی بڕیارە لەناوکاوەکانی عێراق و لێدوانی چەواشەکارانەی هەندێک بەرپرس و پەرلەمانتارەوە بووە، هۆشداریش دەدات، ئەگەر نرخی نەوت دابەزێت، ئەگەر هەیە عێراق جارێکی دیکە بەهای دۆلار بەرزبکاتەوە بۆ ئەوەی کورتهێنانی بودجە پڕبکاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 07ـی تشرینی یەکەمی 2026، کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر سەبارەت بە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی لەناکاوی بەهای دۆلار و گەیشتنی بە سەرووی 170 هەزار دینار، بۆ کوردستان24، گوتی، "ئەمە شتێکی کوتوپڕ بوو، حکوومەتی عێراق تەنیا بە ماوەی یەک هەفتە بڕیاری دا بەهای دۆلار بەرزبکاتەوە، خەڵک چاوەڕوانی ئەوە نەبوو یەکسەر بەهاکە بگاتە ئەو ئاستە، بەڵکوو پێیان وابوو ئەگەر بگاتە 150 هەزاریش، حکوومەت دایدەبەزێنێتەوە."

بە گوتەی کەیفی خۆشناو، لە ئێستادا بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕدا بە 168 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت. ئاماژەی بەوەش دا، "دەبووایە حکوومەتی عێراق چوار بۆ شەش مانگ پێشتر رایگەیاندبا بەنیازین لە بودجەی ساڵی 2027 بەهای دۆلار بەرزبکەینەوە، بۆ ئەوەی خەڵک ئامادەکاریی خۆی بکردایە، بەڵام ئێستا زەرەرمەندی یەکەم هاووڵاتییە."

سەبارەت بە هۆکاری ئامادەنەبوونی بازاڕ بۆ ئەم گۆڕانکارییە، گوتەبێژی بازاڕی دراو باسی لەوە کرد، چەند بەرپرس و پەرلەمانتارێک بە لێدوانەکانیان خەڵکیان چەواشە کرد. گوتی، "ئەوان لە تەلەڤزیۆنەکانەوە دەیانگوت بە هیچ شێوەیەک دەستکاریی دۆلار ناکرێت و هەر لە 132 هەزار دینار دەمێنێتەوە، ئەمەش وایکرد خەڵک لەو ماوەیەدا تووشی دڵەڕاوکێ ببێت و نەزانێت دۆلار بکڕێت یان بیفرۆشێت."

ئەو بەرپرسەی بازاڕی دراو جەختی لەوە کردەوە، سێ بۆ چوار هەفتە پێش ئێستا هۆشداریی داوە دۆلار بەرزدەبێتەوە و داوای لە خەڵک کردووە دەستکاریی دۆلارەکانیان نەکەن، بەڵام بەشێکیان رێنماییەکانیان جێبەجێ نەکرد و تووشی نیگەرانی بوون.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کەیفی خۆشناو تیشکی خستە سەر پەیوەندیی نێوان نرخی نەوت و بەهای دۆلار و ئەوەی خستەڕوو، داهاتی عێراق تەنیا پشت بە نەوت دەبەستێت. روونیکردەوە، "کورتهێنانی بودجەی عێراق ئێستا 64 ترلیۆن دینارە، بەڵام ئەگەر دۆلار بکرێتە 150 هەزار دینار، کورتهێنانەکە دادەبەزێت بۆ 43 ترلیۆن دینار. حکوومەت نرخی نەوتی بە 58 دۆلار خەمڵاندووە، ئەگەر نرخی نەوت بۆ 40 دۆلار دابەزێت، دەبێت عێراق دیسان دەستکاریی دۆلار بکاتەوە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان، بەڵام ناکرێت هەموو رۆژێک خەڵک فێڵی لێبکرێت و زەرەرمەند بێت."