سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکان: گرانبوونی دۆلار باری سەرشانی هاووڵاتییان قورستر دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لە بڕیاری حکوومەتی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرانبەر بە دیناری عێراقی کرد.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاری دا نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بگۆڕێت و نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێک بۆ هاووڵاتییان بە 1520 دینار دیاریبکات و لە ئەمڕۆوە کاری پێدەکرێت.
سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکان گوتی، "ئەم بڕیارە زۆر لەناکاو بوو، دەبووایە پێشتر بازرگانان و هاووڵاتییان ئاگادار بکرێنەوە. بڕیارەکە بەبێ لەبەرچاوگرتنی رەوشی بازاڕ و گوزەرانی هاووڵاتییان دراوە و راستەوخۆ دەبێتە هۆی گرانبوونی ئەو کاڵایانەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێن."
ئاماژەی بەوەش دا، بەشێکی زۆر لە بازرگانان لە چەند رۆژی رابردوودا حەواڵەیان کردووە و ئەم گۆڕانکارییە کوتوپڕە زیانی گەورەیان پێدەگەیەنێت. بۆیە داوا لە حکوومەتی فیدراڵی و بانکی ناوەندی دەکەن، پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکەن و ئەگەر بڕیارە جێبەجێش بکرێت، با بە شێوەیەکی پلەبەندی بێت نەک بە یەکجار، بۆ ئەوەی بازاڕ تووشی شۆک نەکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گەیلان حاجی سەعید جەختی لە پرەنسیپی یەکسانی کردەوە و رایگەیاند، "ئەگەر ئەم نرخە نوێیە جێگیر بوو، دەبێت بانکی ناوەندی بە یەکسانی دۆلار بەسەر سەرجەم بازرگانانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا دابەش بکات، بۆ ئەوەی بازرگانانی ئێمە بێبەش نەبن لە کڕینی دۆلار و جیاوازیی نرخی بانکی ناوەندی و بازاڕی ئازاد کاریگەریی خراپتر لەسەر هەرێمی کوردستان دروست نەکات."
لە کۆتاییدا، سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی بازرگانانی ناوخۆ کرد و داوای لێکردن وەک ئەرکێکی نیشتمانی و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی، نرخی ئەو کاڵایانە بەرز نەکەنەوە کە پێشتر و بە نرخی کۆن هاوردەیان کردووە، تاوەکوو باری سەرشانی هاووڵاتییان لەم دۆخەدا قورستر نەبێت.